عێراق نەوتی رەش لە رێگەی وشکانیی سووریاوە هەناردە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ گرێبەستیان بۆ هەناردەکردنی مانگانە 650 هەزار تۆن نەوتی رەش لە رێگەی تانکەرەوە بۆ سووریا واژۆ کردووە. ئەم هەنگاوە دوای داخستنی تەنگەی هورمز و پەککەوتنی رێگە ئاوییەکان دێت کە وایکردووە بەرهەمهێنانی نەوت لە باشووری عێراق 80٪ دابەزێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی رەش بە تانکەر لە رێگەی سووریای دراوسێوە دەستیپێکردووە، ئەمەش بە ئامانجی پشتگیریکردنی ئابووریی نیشتمانی و دابینکردنی داهاتی دارایی بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
 
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە کە لایەنی سووری ئاسایشی گەیشتنی بڕە نەوتەکان لە ناو خاکی وڵاتەکەیەوە تاوەکو دەروازەکانی هەناردەکردن دابین دەکات و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی "پلەبەندی" زیاد دەکات.
 
بەپێی بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، عێراق گرێبەستی لەگەڵ چوار بازرگان واژۆ کردووە بۆ گواستنەوەی مانگانە 650 هەزار تۆن نەوتی رەش بۆ سووریا، ئەوەش لە نێوان مانگەکانی نیسان تاوەکو حوزەیرانی ئەمساڵ.
 
بەرپرسانی کەرتی وزە دەڵێن، بەهۆی جەنگی سەر ئێران و داخستنی "تەنگەی هورمز" بە کردەیی، رێگەی وشکانی بووەتە تەنیا بژاردە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان، هەرچەندە عێراق دەیان ساڵە ئەم رێگەیەی بەکارنەهێناوە و تێچوویەکی زۆریشی هەیە.
 
بەهۆی پەککەوتنی رێگە ئاوییەکان و پڕبوونی کۆگاکانی نەوت، بەرهەمهێنان لە کێڵگە سەرەکییەکانی باشووری عێراق بە رێژەی 80٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر عێراق نەوتی خۆی لە رێگەی بەندەری خۆر زوبێر لە کەنداوەوە رەوانەی بازاڕە جیهانییەکان دەکرد.
 
بەڵگەنامەکەی سۆمۆ روونیکردووەتەوە کە چوار بازرگانی عێراقی پڕۆسەی هەناردەکردنەکە دەگرنە ئەستۆ. دوو لە بازرگانەکان 720 هەزار تۆن نەوتی رەشی خاوەن گۆگردی بەرز لە ماوەی سێ مانگدا هەناردە دەکەن؛ بازرگانی سێیەم 401 هەزار تۆن و بازرگانی چوارەمیش 90 هەزار تۆن نەوتی رەش هەناردە دەکەن، ئەوەش بە داشکاندنی نرخ کە لە نێوان 155 بۆ 170 دۆلارە بۆ هەر تۆنێک.
 
یەکەم کاروانی تانکەرەکان رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، گەشتەکەیان لە خاکی سووریاوە بەرەو دەروازەکانی هەناردەکردن دەستپێکردووە.