کەشناسیی عێراق: مانگی رابردوو بە تێکڕا 104.35 میلیمەتر باران باریوە

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە مانگی رابردوودا تێکڕای رێژەی باران لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان 104.35 میلیمەتر بووە و زۆرترین رێژەی باران لە نەینەوا بووە.  
 
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراق رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگی رابردوو بەرزترین تێکڕای بارانبارین لە پارێزگای نەینەوا بووە کە 215.2 میلیمەتر بووە و نزمترین تێکڕای بارانبارینیش  لە پارێزگای دیوانیە بووە کە تەنیا 50.55 میلیمەتر بووە.
 
بە گوتەی عامر جابری لەسەر ئاستی وێستگەکانیش مانگی رابردوو زۆرتر رێژەی باران لە وێستگەی موسڵ تۆمارکراوە کە262.8 میلیمەترە.
 
تێکڕای رێژەی بارانبارین بۆ هەر پارێزگایەک (بە میلیمەتر) :
 
نەینەوا:  215.2 ملم (بەرزترین تێکڕا)
کەرکووک: 189.66 میلیمەتر.
دیالە: 153.83 میلیمەتر.
سەلاحەدین: 142.0 میلیمەتر.
بەغدا:  112.13 میلیمەتر.
واست: 107.39 میلیمەتر.
ئەنبار: 83.55 میلیمەتر.
بەسرە: 78.2 میلیمەتر.
میسان: 71.7 میلیمەتر.
ذی قار: 66.07 میلیمەتر.
موسەننا: 63.8 میلیمەتر.
کەربەلا: 62.07 میلیمەتر.
بابل: 60.9 میلیمەتر.
نەجەف: 60.8 میلیمەتر.
دیوانیە: 50.55 میلیمەتر(نزمترین تێکڕا).
 
حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری کەشناسیی کەرکووک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم وەرزەی بارین کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو دەستپیدەکات تاوەکو ئێستا 360 ملیمەتر باران لە کەرکووک باریوە".