لە گەیارە حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، لە ناحیەی گەیارە باشووری موسڵ-ی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگاداریش گوتی، ئەو هێزەی بۆردوومان کراوە، حەشدی سوننەن. بە گوتەی حەشدی شەعبی، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارەگایەکی حەشدی شەعبی، لە نزیک گوندی سوڵتان عەبدوڵڵا لە ناحیەی گەیارە-ی باشووری موسڵ بۆردوومان کراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هێزەی بۆردوومان کراوە، پێیاندەڵێن حەشدی هۆزەکان، کە سوننەن بەڵام سەر بە دەستەی حەشدی شەعبین.
سەرچاوەکە گوتیشی لەو ناوچەیە دوو لیوای حەشدی شەعبی سوننەکانی لێیە، یەکێکیان بەسەرۆکایەتی نەزهان لێهێبی و ئەوەی دیکەیان بە سەرۆکایەتی مەنسور مەرعید-ە.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، کاژێر 11:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێگەیەکی فەوجی 38ی سەر بە لیوای 58ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی کەوتووەتە بەر هێرشێکی ئاسمانی و زیانی گیانی نەبووە.
پێشتریش لە دوو کاتی جیاوازدا بارەگایەکی لیوای 14 لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بۆردوومان کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندنی حەشدی شەعبی، رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە: "فەوجی چوار کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوایە، کەوتووەتە بەر هێرشێکی ئاسمانی. هێرشی یەکەم کاژێر 19:50ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بووە، هێرشی دووەمیش کاژێر 05:20ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەمان شوێنی کردووەتە ئامانج."
لیوای 14ی حەشدی شەعبی، سەر بە کەتیبەکانی سەیدوشوهەدایە بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی.
سەبارەت بە زیانەکان، حەشدی شەعبی ئەوەی خستووەتەڕوو کە بۆردومانەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
هەروەها ئێوارەی چوارشەممە دووجار لیوای 53ی حەشدی شەعبی لە قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا بۆردوومان کرا، یەکەمیان لە کاژێر 17:50ـی ئێوارە و دووەمیان لە کاژێر 18:40 کرا و لە ئەنجامدا یاسین محەممەد سادق، فەرماندەی فەوجی کۆماندۆی لیوای 53 لەگەڵ دوو چەکداری دیکە کوژران و سێ چەکداری دیکەش برینداربوون.
لیوای 53ی حەشدی شەعبی لیوایەکی تورکمانە شیعەکانە لە قەزای تەلەعفەر، لیواکە سەر بە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
"بەرازی ئەفریقی"، لە سنووری مەخموور بە نزمی دەفڕێت و بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان دەکات pic.twitter.com/RthtWYR1bs
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 2, 2026