عێراق حەوت لیژنە بۆ بەدواداچوونى رێککەوتنەکانى لەگەڵ تورکیا پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیارى پێکهێنانى حەوت لیژنەی دا بۆ بەدواداچوونى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى لەگەڵ تورکیا. بۆ جێبەجێکردنى یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنەکانیش دوو هەفتە دیاریکرا بۆ ئامادەکردنى پلانى کار بۆ هەر دۆسیەیێکیان.
ئەو بڕیارانەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکى تایبەت بوو بەو دۆسیانەى لە سەردانى 22ـی نيسان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق، رێککەوتنیان لەبارەوە کرا.
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سوودانى داواى لە وەزارەتەکانى سەرچاوەکانى ئاو، کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوە کردووە پڕۆژە پێویستەکانى کەرتى ئاو پێشکێش بکەن لەوانەى پەیوەندیدارن بە پڕۆژەى بەنداوەکان و، پتەوکردنى رووبارەکان بۆ پاڵاوتنی و رێگرى لە بەفیڕۆچوونى ئاو.
ئامادەکردنى ئەو پڕۆژانە لەسەر بنەماى ئەو 26 رێککەوتن و یاداشتنامەیە بوون، کە عێراق لەگەڵ تورکیا واژۆى کردوون.
سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانى بە سەرجەم ئەو وەزارەتانە کردووە، کە یاداشتى لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ لایەنى تورکی واژۆ کردووە لە ماوەى دوو هەفتەدا پلان و خشتەى کارى هەریەک لەو دۆسیانە ئامادە بکەن بۆ ئەوەى تاوتوێ و بەدواداچوونى بۆ بکرێت.
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکان، پێکهێنانى حەوت لیژنە بوو بۆ بەدواداچوونى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى لەگەڵ تورکیا، کە گرنگترین دۆسیەکانى ئاو، وزە، ئابوورى و ئاسایش بوون.