دادگەى فیدراڵى: ئەنجوومەنى پارێزگاکان بۆیان نییە یاسا دەربکەن

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رێگە لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەگرێت یاسا دەربکەن. ئەندامى یەکێک لەو ئەنجوومەنانە دەڵێت 'تەنیا دەسەڵاتى دەرکردنى بڕیار و رێنماییمان هەیە.' بۆ دەرکردنی یاسا داوا لە پەرلەمان دەکەن.
 
ئەو بڕیارەى دادگە بەشێک بووە لە شرۆڤەیەکى دەستوورى، کە ئاراستەى کراوە بۆ روونکردنەوە لەبارەى پرسیاری؛ 'ئایا ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەسەڵاتى دەرکردنى یاسای تایبەت بە پارێزگاکانیان هەیە؟'
 
دادگە ئاماژەى بەوە داوە؛ بەگوێرەى دەسەڵاتى حکومەتە خۆجێیەکان و دەسەڵاتى فیدراڵییەکان کە لە دەستووردا هاتووە، هیچ ئاماژەیەکى تێدا نییە  دەسەڵات بدرێتە ئەنجوومەنى پارێزگاکان بۆ ئەوەى یاسا دەربکەن، ئاماژە بەوەش نەکراوە، کە دەکرێت ئەو دەسەڵاتەى پێبدرێت.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەو شرۆڤەیە لەسەر بنەماى داواى یەکێک لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان بووە، ئێمە تەنیا دەسەڵاتى دەرکردنى بڕیار و رێنماییمان هەیە بۆ سنوورى پارێزگاکانمان." 
 
ئەو ئەنجوومەنانە بەگوێرەى یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا کارەکانیان دەکەن و، دەسەڵاتەکانیانى دیاریکردووە.
 
محەممەد کاکەیی ئاماژەى بەوەدا ئەگەر بیانەوێت یاسایەکى تایبەت بە پارێزگاکەیان دەربکرێت، پێویستە ئەنجوومەنى پارێزگا وەک راسپاردە بەرزى بکاتەوە بۆ پەرلەمان تاوەکو لەوێ پەسند بکرێت.