پشووی غەدیر کێشە دەخاتە نێوان سوننە و شیعە
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکان بۆ بەفەرمیکردنی پشووی غەدیر، جارێکی دیکە کێشە دەخاتە نێوان سوننە و شیعەکانی عێراق. داوایەک موقتەدا سەدر بانگەوازی بۆ دەکات و شیعەکانیش هەوڵی دەدەن لە پەرلەمان تێیپەڕێنن و سوننەکانیش رەتیدەکەنەوە.
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت، دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی، محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی غەدیرخەم کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعەکان بەتایبەتی لە عێراقدا تائێستا بەردەوامە.
رۆژی 19ی نیسانی 2024، موقتەدا سەدر، لە هەژماری تۆڕی ئێکسی خۆیدا گوتی: "بە فەرمانی گەل و زۆرینەی نیشتمانیی میانڕەو بە هەموو پێکهاتەکانەوە، پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسایەک دەربکات و رۆژی 18ی مانگی زیلحیجە، جەژنی غەدیر بکاتە پشووی فەرمی بۆ هەموو عێراقییەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیما و بیروباوەڕیان".
زۆری نەبرد شیعەکان وەڵامی سەدریان دایەوە، رۆژی 19ی نیسانی 2024، بورهان مەعمووری، پەرلەمانتاری شیعەمەزهەبە لە یاداشتێکدا کە واژۆی نزیکەی 100 پەرلەمانتاری شیعەی لەسەر بوو، پرۆژەپێشنیازێکی دایە موحسین مەندەولای، سەرۆکی کاتی پەرلەمان تاوەکو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، غەدیر بکرێتە جەژن لە عێراقدا.
مەندەلاوی، خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەکەی خستەبەرنامەی کاری رۆژی سێشەممە، 30ی نیسانی 2024ی پەرلەمان؛ بەڵام بەهۆی ناکۆکی سوننەکان هەوڵەکەی سەری نەگرت و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرا.
سوننەکان ناڕەزاییان دەربڕی لە یاداشتێکدا بۆ موحسین مەندەلاوی داوایان کرد: "بەهۆی ناکۆکیی کۆمەڵگەیی" ئەو بابەتە ببرێتە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەوێ هەر پارێزگایەک دەتوانێت بۆ خۆی بیکاتە جەژن و پشوو، نەک پشووی سەرتاسەری."
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە، رۆژی پێنجشەممە 2ی نیسانی 2024 بە رووداوی گوت، غەدیر بابەتێکی ناکۆکییە لە نێوان سوننە و شیعە، پێویست ناکات ئەو بابەتە بەم شێوەیە بوروژێنرێت. هەر پارێزگایەک دەتوانێت بۆ خۆی بکاتە پشوو، نەک بەم شێوەیە.
ئەو پەرلەمانتارەی یاداشتەکەی پێشکێشکردووە نوێنەری پارێزگای دیالەیە، بە نزیک لە رەوتی سەدر دەناسرێت. موسەننا ئەمین پێیوایە "هێنانە پێشەوەی ئەو بابەتە لەوکاتەدا هەوڵێکە بۆ تێکدانی دۆخەکە و ئاڵۆزکردنی پەیوەندی نێوان سوننە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی (شیعەکان) چونکە ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی لەو پرۆژەیە بکات، سوننەکانی لێ تووڕە دەکات و دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت."
حیزبی ئیسلامیی عێراقی کە یەکێکە لە پارتە سیاسییە دیارەکانی سوننەکان لە یەکەم کاردانەوەی فەرمی دا، رۆژی چوارشەممە 1ی ئاداری 2024 لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پێشنیازکردنی دیاریکردنی جەژنی غەدیر وەک پشووی فەرمی لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆی عێراق ناگونجێت."
ئەو حیزبە دەڵێت: "لە ماوەی دوو دەیەی رابردوو عێراق بە دۆخی زەحمەت و رێگری و ئاڵنگاریی گەورە تێپەڕی کە بووە هۆی لاوازکردنی ناسنامەی نیشتمانیی و گۆڕەپانەکەی بۆ ئاڕاستەی لاوەکی هەڵوەشاندەوە کە کاریگەریی نەرێنیی گەورەی هەبوو، بەتایبەت کە لەلایەن هەندێکەوە بۆ لاوازکردنی نیشتمان و رێگریکردن لە گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی کاریگەریی قۆسترایەوە."
پارتی موتەحیدون بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجەیفی، پارتێکی سوننەیە لە راگەیێندراوێکدا ئەو یاسای رەتکردەوە و رایگەیاند: "لەم قۆناخە چارەنووسازەدا کە عێراقییەکان تێیدا دەژین، باشترە بەدوای خاڵی رێککەوتن بگەڕێن، دوور لە گێڕانەوەی تائیفی".
هەروەها دەشڵێت: "بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەی کە فیقهی شیعە باوەڕی پێیەتی، هەرکەسێک باوەڕی بە گێڕانەوەی ئەوان (شیعە) نەبێت لەبارەی جەژنی غەدیر، یاخود جەژنی ویلایە، کافرە. ئەو گیڕانەوەیەش نیوەی گەلی عێراق تەکفیر دەکات، هیچ لایەنێکیش بۆی نییە بۆچوونی خۆی بەسەر ئەوانی دیکە سەپێنێت."
مەشعان جبووری، کەسایەتی سیاسی سوننە و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: "کردنی جەژنی غەدیر بە جەژنێکی نیشتمانی هەستیاری دروستدەکات. هەوڵدان بۆ بەیاساییکردنی جەژنی غەدیر واتای وایە کە گێڕانەوەی ئایینی لای شیعەکان پەسند دەکرێت و بەهیچ شێوەیەک گێڕانەوەکەی سوننە بوونی نییە."
جبووی گوتیشی: "شیعە مافی خۆیەتی بەبۆنەی جەژنی غەدیر ئاهەنگ بگڕێن، بەڵام کردنی بە جەژنێکی نیشتمانی کێشە دروستدەکات".
لە ساڵانی رابردوودا حکومەتە خۆجییەکانی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، کردوویانە بە پشووی فەرمی؛ بەڵام تائێستا پشووەکە نەکراوەتە سەرتاسەریی لە چوارچێوەی خشتەی بۆنە ئاینییە و فەرمییەکانی عێراقدا.
لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی سیاسی و سەربازی پارتە شیعەکان، غەدیر لە وڵاتانی سووریا، لوبنان و یەمەن مشتومڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروستکردووە.