60 رۆژ بۆ هەڵبژاردنى موختارەکانى نەینەوا دیاریدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا 60 رۆژ دیاریدەکات بۆ هەڵبژاردنى موختارەکانى ئەو پارێزگایە یان دیاریکردنیان لەلایەن سەرۆکى یەکە ئیدارییەکانەوە.
ئەو وادەیە لە دوایین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە 30ى نیسان دیاریکراوە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئاسایشى ئەنجوومەنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەگەر لەو ماوەیەدا نەتوانرا موختارەکان هەڵبژێردرێن، سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان ناوی بەربژێرێکیان بۆ دەنێرن بۆ ئەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا رەزامەندى لەسەر بدات، ئەگەر زیاتر بوو لە ناوێک بە دەنگدان یەکلا دەکرێنەوە."
هەندێک لە موختارەکانى نەینەوا کۆچی دواییان کردووە یان کوژراون یان دەستبەردارى کارەکانیان بوون، ئەوانەى ماون، ماوەى کارکردنیان تەواو بووە. بە گوتەى محەممەد کاکەیی، "هەڵبژاردنەکە بۆ ئەوەیە مووچەیان نەفەوتێت."
لە عێراق مانگانە نزیکەى 250 هەزار دینار بە موختار دەدرێت. هەموارى یاساکەیان لە پەرلەمانى عێراقە و مووچەکانیان بۆ دوو ئەوەندە زیاد دەکرێت.
موختار، ئەرکی چاودێرى دۆخى ئەمنى و هاوکاریکردنە لە بەڕێوەبکردنى ناوچەکانیان. دەبێت تەمەنى لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت و هەرجارێک هەڵبژێدرا بۆ ماوەى چوار ساڵ لە ئەرکدا دەبێت.