لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق، دەستی بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی بۆ مانگی ئایار کرد.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2ـی ئاداری 2024) وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا خەرجکردنی مووچەی خانەنشینیی مەدەنی و سەربازیی مانگی ئایاری راگەیاند و گوتی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و بانکی رەشید و رافیدەین، رێکارەکان تەواو دەکەن لە رێگەی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ خانەشینان (مەدەنی و سەربازی)، نامەیان پێدەگات، بۆ ئەوەی سەردانی لقی بانکەکان، یاخود لە رێگەی ئامێری ئەی تی ئێمی بانکەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بکەن، بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
 
ژمارەی خانەنشینان لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 700 هەزار کەسە. 
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداریی ماهر بەیاتی، سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتیمانی کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی 'گرنگی' تایبەت بە کاری دەستەکە، لەوانە؛ ئەو کورتهێنانەی رووبەڕووی دەستەکە بووەتەوە بەهۆی زیادبوونی زۆری ساڵانەی ژمارەی خانەنشینانی، کە لە 10٪ـەوە بووەتە 12٪.  
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوتبوو "سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی عێراق روونیکردەوە، ژمارەی خانەنشینان لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 700 هەزار کەسە، نزیکەی 711 هەزاریان مووچەکانیان لە سندووقی خانەنشینی دەدرێت و نزیکەی ملیۆنێک و 990 هەزاری دیکەیان لە گەنجینەی حکومەت."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، پارەی سندووقی خانەنشینی زۆر کەمیکردووە، پێشتر نزیکەی 26 تریلیۆن دیناری تێدا بوو، ئێستا بۆ کەمتر لە 11 تریلیۆن دابەزیوە، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی لە وەڵامدا هۆکارەکەی بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی گەڕاندەوە، کە تەمەنی خزمەت و خانەنشینی کەمکراوەتەوە، ئەوەش وایکردووە ژمارەی خانەنشینان زۆربێت لەکاتێکدا پارەی سندووقی خانەنشینی لە لێبڕینی خانەنشینی فەرمانبەران دێت.