کەشناسیی عێراق بۆ رووداو: لە عێراق خۆڵ و لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات خۆڵبارین چەند ناوچەیەکى عێراق بگرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش باران ببارێت، هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیان ئەگەر زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینى 2ى ئایارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ خۆڵبارین لە چەند ناوچەیەکى رۆژئاوا و باکوورى رۆژئاواى عێراق روودەدات، خێرایی با دەگاتە 45 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا". 
 
لە پێنجشەممەوە شەپۆلێکى خۆڵبارین و رەشەبا و بارانبارین عێراقى گرتووەتەوە، شەوى رابردوو بە هۆیەوە بۆ ماوەى کاژێرێک گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا راگیران. 
 
عامر جابری پێشبینی دەکات ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان بارانى پچڕ پچڕ ببارێت.
 
بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینی، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە هۆشدارییەکدا داواى لە هاووڵاتیان کرد ئەگەر پێویست نەبێت بە رێگەى وشکانی و ئاوى گەشت نەکەن، ئەو کەسانەشى نەخۆشیى هەناسەتووندییان هەیە، خۆیان بپارێزن.