لەسەر دۆسیەى فرەژنى، پەرلەمان و سکاڵاکاران وەڵامی خۆیان دەدەنە دادگەى فیدراڵى
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دووەم دانیشتنى تایبەت بە سکاڵایەک دەکات، لە دژى مەرجێکى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان، پەرلەمان و سکاڵاکاران وەڵامى خۆیان لەبارەی دۆسیەکە دەدەنە دادگەکە.
دانیشتنەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى رۆژى سێشەممە 6ى نیسانى 2025 دەکرێت، تێیدا هاونیشتمانییەک کە خۆى بە "زەرەرمەند" دەزانێت سکاڵاى لە دژى هەموارى یاساى بارى کەسى تۆمار کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى مەرجەکانى هێنانى ژنى دیکە.
ئەمڕۆ هەینى 2ى ئایارى 2025 شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند:، "وەڵامى پەرلەمان بەرامبەر سکاڵاکە نێردراوە بۆ دادگەى باڵاى فیدراڵى."
سکاڵاکار داوا دەکات مادەى یەکەمى هەموارى یاساى بارى کەسێتى، ژمارە 15ى ساڵى 2008ى پەرلەمانى کوردستان، بە نادەستووری بناسێنێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵانامەکە ئەو مادەیە پێچەوانەى بنەما جێگیرەکانى شەریعەتى ئیسلامە، ئەو کەسەى سکاڵاکەى کردووە هاوسەرگیریى دووەمى کردووە و هاوسەرى یەکەمى بە پشتبەستن بەو هەموارەى یاساکە لە دادگە داواى جیابوونەوەى کردووە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، پەرلەمان لە وەڵامنامەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە، پێشتر لە ساڵى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى هاوشێوەى یەکلاکردووەتەوە و مەرجێکى فرەژنیى بە نادەستوورى ناساندووە.
هەینى 2ى ئایار ئاسۆ هاشم، پارێزەرى دۆسیەکە بە رووداوى گوت، "رۆژى 4ى نیسان بە فەرمى وەڵامى خۆمان بۆ وەڵامەکەى پەرلەمان دەنێرین بۆ دادگەى باڵاى فیدراڵى، دادگە پرسیارى ئەوەى کردووە کە سکاڵاکارەکە ئەگەر لەو هەموارە زەرەرمەند بووە، لە لابردنى چۆن سوودمەند دەبێت."
مادەى 7ى یاساى بارى کەسێتى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، تەنیا دوو مەرج هەیە بۆئەوەى هاووڵاتی ژنی دووەم بهێنێت، کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵ و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
مەرجەکانى هاوسەرگیریى دووەم بەگوێرەى هەموارەکەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، دەبێت ژنى یەکەم لە دادگە رەزامەند بێت یان تووشى نەخۆشیى درێژخایەن بووبێت، پیاوەکە تواناى دارایی ئەوەى هەبێت زیاتر لە ژنێکى هەبێت و بۆ ئەوەش دەبێت بەڵگەنامە پێشکێش بە دادگە بکات، بەڵێننامەیەکیش بنووسێت کە دادوەر دەبێت لەنێوان ژنەکانیدا، ئەگەر ژنهێنانى دووەم پێچەوانەى مەرجەکان بێت سزا دەدرێت و دادوەریش تواناى راگرتنى ئەو سزایانەى نییە، کە بەندکردنە تاوەکو ساڵێک لەگەڵ پێبژاردن بە بڕى 10 ملیۆن دینار.