بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: داخرانی تەنگەی هورمز نرخی هێلکەی بەرزکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری رادەسپێرێت لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی هێلکە بکات. وەزارەتی کشتوکاڵیش ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، داخرانی تەنگەی هورمز و گرانبوونی ئالیک، تێچووی بەرهەمهێنانی هێلکە لە نێوخۆدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە لە بازاڕەکاندا، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری راسپارد بەپەلە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی گرانبوونی هێلکە بکەن و ئەنجامەکەی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن بۆ بڕیاردان لەسەری.
نرخەکەی گەیشتووەتە 85 هەزار دینار
رۆژی شەممە، 2ی ئایاری 2026، مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا نرخی یەک کارتۆن هێلکە گەیشتووەتە 80 بۆ 85 هەزار دینار، ئەمەش بارگرانیی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە."
سەبارەت بە هۆکارەکانی گرانبوونەکە، مەهدی جبووری ئاماژەی بەوە کرد کە "ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی کەنداو و داخستنی تەنگەی هورمز کاریگەریی نەرێنییان لەسەر گەیشتنی ئالیک بۆ کەرتی پەلەوەر لە عێراق هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بۆ خاوەن کێڵگەکان."
هەوڵ بۆ دابەزاندنی نرخەکەی بۆ 60 هەزار دینار
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد کە وەزارەتەکەیان لە هەوڵدایە نرخەکان دابەزێنێت. گوتیشی، "کار دەکەین بۆ ئەوەی لەڕێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی نێوخۆ، نرخی هەر کارتۆنێک هێلکە لە بازاڕەکاندا لە نێوان 60 بۆ 65 هەزار دینار جێگیر بکەین."
پلان بۆ خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی ئالیک
وەک چارەسەرێکی درێژخایەن، مەهدی جبووری دەڵێت، حکومەت هانی خاوەن پڕۆژەکان دەدات پەنا ببەنە بەر شێوازی نوێی پەروەردەکردنی پەلەوەر بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان.
هەروەها باسی لە "پڕۆژەی نیشتمانی" کرد بۆ چاندنی گەنمەشامیی زەرد و سۆیا لە نێوخۆی عێراقدا و رایگەیاند، "سۆیا 80%ی پێکهاتەی ئالیکی پەلەوەر پێکدەهێنێت، بۆیە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئەم مادانە وادەکات پڕۆژەکانی عێراق نەکەونە ژێر کاریگەریی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و نرخەکانیش لە بازاڕدا سەقامگیر بن."