ئەردۆغان بانگهێشتی عەلی زەیدی دەکات سەردانی ئەنقەرە بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بانگهێشتی کرد لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی ئەنقەرە بکات.
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، نوسینگەی عەلی زەیدی بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشتووە. لە پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان پیرۆزبایی لێ کردووە بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە، هەردوولا باسیان لە رێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامبوونیان لە بوارە جیاجیاکان دا کردووە، بە شێوەیەک کە گەرەنتیی بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سوودی دوولایەنە بۆ هەردوو "گەلی دۆست" بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیریی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردووە. هاوکات بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی عەلی زەیدی کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی تورکیا بکات.