ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مووچەی شەش مانگی داهاتوو مسۆگەر کراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەت بڕیاری داوە لەڕێگەی یەدەگی بانکی ناوەندییەوە مووچەی شەش مانگی داهاتووی فەرمانبەران دابین بکات. ئاماژە بەوەش دەکات کە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ناردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە سەرکەوتوو بووە.
رۆژی شەممە، 2ی ئایاری 2026، عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی و سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق، بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا راگەیاند، "دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی، دڵنیایی دەدەین کە مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو دابینکراوە. بڕی پارەی پێویست کە نزیکەی 7 تریلیۆن و 831 ملیار دینارە، لەڕێگەی یاسای داشکانی یەدەگی بانکی ناوەندییەوە تەرخان کراوە."
سەبارەت بە کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر بژێوی خەڵک، عودەی عەواد گوتی، "ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە دابەشکردنی مووچە بەردەوام بێت، بێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەوەی تەنگەی هورمز دەکرێتەوە یان بە داخراوی دەمێنێتەوە. بێگومان ئاواتەخوازین جەنگ لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی بێت و هەناردەی نەوت و داهاتەکان بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان."
لەبارەی بابەتی ناردنی دۆلار بوو لە ئەمریکاوە. ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد، "پێمان وایە هەر ئەمڕۆ کاروانی دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق، چونکە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ئەنجامی هەبووە." گوتیشی، "ئێستا هەوڵێکی جیدی هەیە بۆ رێککەوتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە."
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان عودەی عەواد باسی لەوە کرد، "ئەم بەرنامە داراییەی حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و مووچەکانی ئەوانیش هاوشانی ناوچەکانی تری عێراق خەرج دەکرێت."