بەرپرسێکى دەستەى دەستپاکیی عێراق لەسەر 'بەرتیل وەرگرتن' دەستگیر دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەى دەستەى دەستپاکیى عێراق لە پارێزگاى ئەنبار بە تۆمەتى نەرمى نواندن لە دۆسیەیەکى گەندەڵیدا لە بەرامبەر "وەرگرتنى بەرتیل" دەستگیر کرا.
 
2ى تەممووزى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرى نووسینگەى لێکۆڵینەوەکانى ئەو دەستەیە لە پارێزگاى ئەنبار بە تۆمەتى ئەوەى نەرمیى نواندووە لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکى گەندەڵى لەو شارە دەستگیر کراوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، بەڕێوەبەرى پێشووى بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیى ئەنبار لەدواى دەستگیرکردنى، دانى بەوەدا ناوە کە بەرپرسەکەى دەستەى دەستپاکى لەو شارە نەرمیى نواندووە بەرامبەر بە دۆسیەکەى بۆئەوەى تۆمەتى ئاراستە نەکرێت.
 
دەستەى دەستپاکى ئاشکرای کردووە، نەرمى نواندنەکە پەیوەندیی بە بەڕێکردنى مامەڵەى خانەنشینیى وەهمى و ساختە لە بەڕێوەبەرایەتیى خانەنشینیى ئەنبار و پەردەپۆشکردنى تاوانەکانى بەرامبەر بە وەرگرتنى بەرتیل هەبووە کە بۆى بردووەتە ماڵەکەى.
 
27ى حوزەیرانى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، ئەنەس یاسین، بەڕێوەبەرى پێشووى بەڕێوەبەرایەتیى خانەنشین لە ئەنبار بە تۆمەتى مامەڵەى ساختە و وەهمىی خانەنشینى لە بەڕێوەبەرایەتییەکەى دەستگیر کراوە.
 
بەرپرسەکەى دەستەى دەستپاکى لەسەر بنەماى بڕیارى ژمارە 160ى ساڵى 1983 دەستگیر کراوە، کە تایبەتە بە قۆستنەوەى پۆستى فەرمى بۆ کارى نایاسایی، کە سزاکەى دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى دەستەى دەستپاکیى عێراق کە لە 25ى حوزەیرانى 2023 دەریکردووە، بڕیاریداوە هەریەک لە باسم جاسم هەجول، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی؛ مەحموود سامى نیعمە، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان لە دەستەى دەستپاکى لە پۆستەکانیان لابدات و بیانگوێزێتەوە بۆ دەرەوەى دەستەکە، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەى چاکسازییەکانى دەستەکە بووە.