بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: 83٪ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان نوێکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان نوێکردووەتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی 37 ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە زیاتر لە چوار ملیۆن و 400 هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 2-8-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو 31ـی تەممووزی 2025، لە هەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و 482 هەزار و دوو کەس فۆرمەکەیان نوێکردووەتەوە کە دەکاتە 83٪ـی کۆی دانیشتووان.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بەمشێوەیە بۆ رووداو خستەڕوو:
- هەولێر: ملیۆنێک و 690 هەزار و 947 کەس، بە رێژەی 85٪
- سلێمانی: ملیۆنێک و 653 هەزار و 879 کەس، بە رێژەی 84٪
- دهۆک: ملیۆنێک و 36 هەزار و 388 کەس، بە رێژەی 79٪
- هەڵەبجە: 100 هەزار و 788 کەس، بە رێژەی 88٪
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کۆببێتەوە و بڕیار لە بەردەوامبوون یان راگرتنی پرۆسەکە بەو جۆرەی ئێستا هەیە بدات.
فۆڕمی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی فۆڕمی خۆراک بۆ رووداو، بە سیستمە کۆنەکە زیاتر لە 5 ملیۆن و 378 هەزار هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.