سبەی پەرلەمانی عێراق بە هەمان خشتەی کاری ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەنەچوو؛ پەرلەمان بڕیاریدا بە هەمان خشتە سبەی دابنیشێت. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش هەڕەشە لەو ئەندامانە دەکات کە بەشداری دانیشتن ناکەن و دەڵێت، یاساکانی پەیڕەوی ناوخۆ بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانە جێبەجێ دەکەن بەبێ پاساو ئامادە نابن، کە سزاکەی دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییان.
بەگوێرەی خشتەکە، دانیشتنەکە رۆژی یەکشەممە، کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ دەکرێت.
خشتەی کارەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دانیشتنەکەی سبەی ئەمانەن:
یەکەم: دەنگدان لەسەر یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنەوەی هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی ژمارە 4ی ساڵی 2015.
دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی هاندان و پاراستنی دوولایەنە بۆ وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و سعودیە.
سێیەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای یەکەمی بناخەکانی هاوتاکردنی بڕوانامە باڵاکان و بڕوانامەی ئەکادیمی عەرەبی و بیانی ژمارە (20)ی ساڵی 2020.
چوارەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە.
پێنجەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ئاشتییانە.
شەشەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای زانکۆی عێراق بۆ زانستە ئەمنییەکان.
حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ی ساڵی 2013.
هەشتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی مافی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانییانی سەنتەری ئەلنەقا و قوربانییانی رووداوی حەمدانییە.
نۆیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە.
هەر ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەدوای پەککەوتنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە داوە، تەواوبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، "بەردی بناخەیە بۆ تەواوکردنی ئەرکە دەستوورییەکان، لەپێش هەمووشیانەوە دەنگدان لەسەر ئەو یاسا و بڕیارانەی کە توێژێکی عێراق چاوەڕوانی دەکەن."
کۆبوونەوەکەدا لەنێوان، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان پەرلەمانی عێراق بووە.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کراوەتەوە:
1. پێویستیی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە رێکوپێکی، بەوپێیەی بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و نیشتمانییە و ناکرێت دوابخرێت.
2. ئەو فراکسیۆنانەی بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە بگەڕێنەوە و بەشدارییەکی کارایان هەبێت.
3. سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاردەدات بە جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانەی بەبێ پاساو ئامادە نابن، تاوەکو دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییان؛ ئەمەش لە پێناو پاراستنی کارایی دامەزراوەی یاسادانان و رێزگرتن لەو متمانەیەی خەڵک پێی بەخشیون.