سەرۆکایەتیی کۆمار: بەخشینی روبەهەنار و رۆنی زەیتوون گرنگیپێدانە بە بەرهەمی نێوخۆیی

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق روونکردنەوە لەبارەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەدات، کە تێیدا دیارییەک لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە دراوەتە هاووڵاتییەکی عێراقی و ئەویش گاڵتەی پێدەکات. نووسینگەکە دەڵێت، ئامانج لەو دیارییە گرنگیپێدانی سەرۆککۆمارە بە بەرهەمی نێوخۆیی.
 
گرتە ڤیدیۆییەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا هەبوو، لە ڤیدیۆکەدا پیاوێک باسی وەرگرتنی دیارییەک لە سەرۆکایەتیی کۆمار دەکات و کاتێک کارتۆنی دیارییەکە دەکاتەوە دەبینێت، دوو شووشەی رووبەهەنار و رۆنی زەیتوونی تێدایە، کە هاووڵاتییەکە ناڕەزایی خۆی لە دیارییەکە دەردەبڕێت و دەڵێت، وایزانیوە دەمانچە یان شتێکی گرانبەهایە.
 
لە روونکردنەوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دا هاتووە، ئەو دیارییانەی سەرۆکایەتییەکە دەیانبەخشێت، "لەلایەن کارگەیەکی نیشتمانی لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید بەرهەم دەهێنرێن."، دەشڵێت، هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانە وەکو دیاری، ئامانج لێی "پاڵپشتی کردن و هاندانی کەرتی کشتوکاڵی نێوخۆییە، بەتایبەتی بەرهەمی رووەکییەکان، کە جێگای شانازین بۆ عێراق."
 
سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاندووە، "هەڵبژاردنی ئەم جۆرە دیارییە پابەندبوونی سەرۆککۆمار دەردەخات لە پشتگیریکردنی بەرهەمە نیشتمانییەکان و گەیاندنی پەیامی پەرەپێدان بە کولتووری کارکردن و بەرهەمهێنان و پشت بەخۆبەستن دەدات، دوور لە دیارییە گرانبەها پرۆتۆکۆڵییەکان کە بە شێوەیەکی ناڕەوا بارگرانی دەخەنە سەر سامانی گشتی."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "هەڵبژاردنی ئەم دیارییە سرووشتییانە لەگەڵ دیدی جەنابی سەرۆککۆماردا دەگونجێت، نەک ئەو دیاریانەی کە هێمای تووندوتیژی یان هێزن، وەک دەمانچە یان هاوشێوەکانی، کە لەگەڵ پەیامەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی لەسەر بنەمای ئاشتی و رێزگرتنی یەکتردا ناگونجێت."
 
وەک نووسینگەکەی دەڵێت، سەرۆککۆمار پێی وایە، "نابێت دیارییەکان رەنگدانەوەی کولتووری توندوتیژی بن. سەرۆکایەتی کۆمار پاڵپشتی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی نێوخۆیی وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقی دووپات دەکاتەوە، کە دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان، لە پێش هەموویانەوە دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت."
 
سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکات، "وردبینی و بەرپرسیارێتییان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڤیدیۆکاندا و، خۆیان لە گرنگی پێدان بەو بڵاوکراوانە بەدوور بگرن، کە ناوەڕۆکی چەواشەکارانەیان تێدایە، بەتایبەتی ئەو بڵاوکراوانەی پەیوەندییان بە دامەزراوە و هێماکانی دەوڵەتەوە هەیە."