زیاتر لە 170 هەزار راگیراو و سزادراو لە عێراق بەر لێبووردنی گشتی کەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 170 هەزار زیندانی، حوکمدراو و تۆمەتبار لە عێراق بەر یاسای لێبووردنی گشتیی عێراقی کەوتوون، 37 ملیار دینار و 34 ملیۆن دۆلاریشیان گەڕاندووەتەوە.
سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتیی تاوەکو ئەمڕۆ بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، 33 هەزار و 536 زیندانی کە لە گرتووخانەکان بوون، بەهۆی یاسای لێبووردنی گشتییەوە ئازاد کراون. هەروەها 136 هەزار و 818 کەسی دیکەش بە هەمان یاسا ئازاد کراون، کە ئەو تۆمەتبارانەن فەرمانی دەستگیرکردن یان بانگهێشتکردنیان بۆ دادگا لە دژ هەبووە، یان بەرپرسی حکومی بوون و بە غیابی حوکمدراون.
هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی کە لە 17ی شوباتی 2025ـەوە چووە واری جێبەجێکردنەوە بۆ ئازادکردنی ئەو تۆمەتبار و تاوانبارانەی، یاساکە بەگوێرەی تاوانەکانیان رێگەی ئازادبوونیان پێدەدات.
بەگوێرەی ئامارەکە، بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەوە بڕی پارە گەڕێندراوەکان گەیشتووەتە 37 ملیار و 144 ملیۆن و 340 هەزار دینار. هەروەها بڕی ئەو پارەیەی بە دۆلار گەڕێندراوەتەوە، 34 ملیۆن و 347 هەزار و 254 دۆلار بووە.
یاسای لێبووردنی گشتی رێگە بەو کەسانە دەدات ئازاد بکرێن، کە بە تۆمەتی گەندەڵی و بردن و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی سزا دراون، بەڵام بە مەرجی پاکتاوکردن و گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لە ئەستۆیدایە.