سوودانی: هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەهێزتر کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندەی نوێی سێنتکۆم کۆبووەوە و دەڵێت، هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەهێزتر کردووە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، پێشوازیی لە ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) و شاندی یاوەری کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا "گفتوگۆ لەبارەی لایەنە ئەمنی و سەربازییە جیاوازەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، پێشکەوتنەکان لە بواری شەڕی دژی تیرۆر و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی راگەیاندنی هاوبەش کە لە ئەیلوولی 2024 دەرچووە، کرا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی ئەیلوولی 2024، تاوەکو ئەیلوولی 2025 ئەرکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی دێت و پەیوەندییەکانیش بۆ هاوبەشیی ئەمنی دەگۆڕدرێن.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە گفتوگۆ سەبارەت بە هاوکاریی ئەمنیی هاوبەش لەسەر ئاستی دوولایەنە لەنێوان عێراق و ئەمریکا کرایەوە، ئەوە جگە لە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان سەبارەت بە لایەنەکانی هاوبەشیی دوولایەنە و رێگەکانی پەرەپێدانی."
 
سوودانی گوتوویەتی، "هاوبەشی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامی گرنگی هەبووە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکات و بەشداری لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری کردووە، لەسەر ئاستی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی."
 
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق هەن. 
 
لای خۆیەوە ئەدمیراڵ کوپەر "رۆڵی عێراقی وەک نموونەیەک بۆ هاوکارییەکی سەرکەوتوو لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بەرز نرخاند و "دووپاتی پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ پشتبەستن بە بەردەوامبوون لە هاوکاریی ئەمنی و بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە قۆناخی داهاتوودا."
  
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش هاتنە عێراق و هەرێمی کوردستان و پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.