سەرۆکی ئەسقوفەکانی موسڵ بۆ رووداو: زیاتر لە 40 کەسی رووداوەکەی حەمدانیە بەخاک نەسپێردراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەساقیفهی ئەبرەشییەی سریانی موسڵ راگەیاند، چارەنووسی زیاتر لە 40 قوربانیی رووداوی سووتانی هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی حەمدانیە نادیارە و بەخاک نەسپێردراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەساقیفهی ئەبرەشییەی سریانی موسڵ، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوار کەسیان لە کەنیسەی تائیڕەل کوبرا بەخاکسپاردووە و کەسێکی دیکەشیان لە کەنیسەی مارگۆرگیس بەخاک سپاردووە، راشیگەیاند، سبەی سێشەممە چوار قوربانی دیکەش بەخاکدەسپێرین. هەروەها چاوەڕێیی رێکاری دادپزیشکی دەکەن بۆ ئەوەی 35 تەرمی دیکەیان رادەست بکەن.
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، نیگەرانی قووڵی خۆی خستەڕوو لەبارەی ناکۆکی نێوان سیاسەتڤانان و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە و بۆ دەستکەوتی سیاسیی بەکاری بهێنن و گوتی: "زۆر نیگەرانین، کاتێک ناکۆکی سیاسەتڤانان و لایەنە سیاسییەکانیان دەبینین. ناکۆکییەکان دڵگرانمان دەکات، ئێمە لە پرسەداین، کەچی ئەوان بەدوای دەستکەوتی سیاسین و لە خەمی پلە و پۆستەکانیاندان".
سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رایگەیاند، باوەڕیان بە دادگەی عێراقی هەیە و متمانەیان بە بڕیاری ژیرمەندانەیان هەیە و لەسەر ئەم بنەمایە چاوەڕێی کۆتایی هاتنی تەواوی لێکۆڵینەوەکان دەکەن و گوتی: "دوای یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکە، ئێمەش قسەمان دەبێت و هەڵوێستمان ئەوسا دەخەینەڕوو".
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا لەبارەی ژمارەی ئەوانەی بێسەروشوێنن و نەناسراونەتەوە، گوتی: "زیاتر لە 40 کەسی دیکەی بێسەروشوێنمان هەن، تائێستا بەخاک نەسپێردراون".
هەروەها داوای لە سەرۆکوەزیران کرد ناوچەی حەمدانییە بە ناوچەی کارەساتبار و زیانبەرکەوتوو بناسێنێت.
شەوی 26-09-2023 لە کاتی ئاهەنگێکی بوککگواستنەوە ئاگر لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە کەوتەوە. بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی نەینەوا، تاوەکو ئێستا 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش 41 تەرمیان نەناسراونەتەوە.