ئەحمەد سەحاف بۆ رووداو: هەولێر و بەغدا گرنگییەکی زۆر بە هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ تورکیا دەدەن

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی فیدراڵی بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ تورکیا دەدات و گفتوگۆکانیش لەو بارەیەوە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن.
 
د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی دووشەممە، 02-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامە لە بوارە جیاوازەکانەوە، لەوانە کەرتی ئاو، کەرتە هاوبەشەکانی دیکە.
 
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، ئەحمەد سەحاف گوتی: "تیمی تەکنیکی پسپۆر کاردەکەن بۆ فەراهەمکردنی دیدگایەکی هاوبەش کە سەرچاوەبگرێت لە بەرژەوەندیی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ. بنەمای هاوسێیەتی باش و سرووشتی پەیوەندی هاوبەش وادەکات رێچکەی دانوستاندنەکان ئەرێنی بن، پێمانوایە رۆژانی داهاتوو دەرفەتی گەورەی لەخۆگرتووە، بۆ بەهێزکردنی ئاستی هاوبەشیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، گوتیشی: "حکومەتی فیدراڵی بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گرنگییەکی زۆر بە پرسی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەدات. ئێستا بەشێوەیەکی رێکوپێک گفتوگۆکان بەڕێوەدەچن، هاوئاهەنگییەکی باڵا لەنێوان هەردوولا هەیە بە ئامانجی فەراهەمکردنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ دەستپێکرنەوەی ئەم رێچکەیە". 
 
ئەو قسانە دوای ئەوە هات، رۆژی دووشەممە، 02-10-2023  ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتی نەوت لە ئەبوزەبی تیشکی خستە سەر کێشەی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە راگیراوە. 
 
وەزیری وزەی تورکیا گوتی: "لە ئەمڕۆوە هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بۆ کارکردن ئامادەیە و لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست بە کاراکردنەوەی دەکەین، دوای دەستکردنەوە بە چالاکییەکە. ئەو بۆرییە توانای ئەوەی هەیە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهان بگوازێتەوە." 
 
رۆژی 12ـی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی ناتۆ لە وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە راگیراوە، رایگەیاند، تورکیا لەو بارەوە کێشەی نییە و "هەنگاویشمان ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هێڵی بۆرییە نەوتییەکان بکرێنەوە."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەبارەی وەرگرتنی نەوتی عێراق هیچ کێشەیەکمان نییە. ئەو کێشەیەی روویداوە لە ناوخۆی عێراق لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی باکووری عێراقدایە."
 
رۆژی 24ـی ئابی 2023، ئاڵپئارسڵان بایراکتار بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی هاکان فیدان،  وەزیری دەرەوە، بایراکتار لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەی خۆی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئامانجمانە لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردی عێراق لە نەوتەوە تاوەکو گازی سرووشتی و هەموو بوارەکانی دیکەی وزە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکەین کە دەبنە هۆی دابینکردنی پێداویستییەکانمان لە ئاسایشی وزە و هەموو بوارەکانی دیکە وزەدا."  
 
هاوکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "باسمان له‌ پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگێكی تایبەت بەم بابەتە كرد." 
 
لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.