دەنگدەرانی دەرەوە چۆن دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، دەنگدەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن تاوەکو نەگەڕێنەوە و پێویستە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەبێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوە ناکرێت و ئەو عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ناتوانن ئەو رۆژە لە وڵاتەکانیانەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
 
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەو هەڵبژاردنە لە یەک رۆژدا لە عێراق ئەنجام دەدرێت و دەبێت دەنگدەر کارتی بایۆمەتریی ئەلیکترۆنیی دەنگدانی هەبێت. بەڵام باسی لەوە نەکردووە کە هاوکات لە دەرەوەی عێراق ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، ئەو دەنگدەرەی کە لە دەرەوەی وڵات دەیەوێت بەشدار بێت لە هەڵبژاردن پێویستە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی هەبێت و رۆژی دەنگدان لە ناو عێراقدا بەشدار بێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە کە دەتوانن بەشدار بن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا دەکرێت.