پەرلەمانی عێراق دوو مانگ پشوو وەردەگرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
هەفتەی داهاتوو دوایین هەفتەی ئەم وەرزەی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت، دواتر پەرلەمانتاران بۆ ماوەی دوو مانگ لە پشوودا دەبن.
 
د. بڕیار رەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە  پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو کاری ئەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەمان تەواو دەبێت و پەرلەمان دەکەوێتە پشووی زستانەوە، پشووەکە دوو مانگە و تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت.
 
د. بڕیار رەشید گوتی، بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنەوە، پەرلەمان ئەم وەرزەی یاسادانان درێژناکاتەوە، هەفتەی داهاتوو دوایین هەفتە دەبێت، دواتر بۆ ماوەی دوو مانگ دەکەوێتە پشووەوە .
 
بڕیارە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. 
 
بەگوێرەی مادەی 28 پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، سەرۆککۆمار، یان سەرۆکوەزیران، یان سەرۆکی پەرلەمان، یان 50 پەرلەمانتار دەتوانن داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بکەن.
 
هەروەها لە مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، زۆرجار پەرلەمان پابەندی ئەو وادانە نابێت، بەهۆی کاری پەرلەمانییەوە زۆرجاریش پشووری پەرلەمانی لە دوو مانگەوە بۆ مانگێک کەمکراوەتەوە.