گومرگی عێراق بۆ رووداو: هێشتا لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتووین

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە کێشەی کۆمپانیاکان چارەسەر بووە، بەڵام کێشەی سەرەکی لە پرسی باج و گومرگدایە.
 
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەگەیشتووینەتە رێککەوتن، بەڵام کۆبوونەوەکانمان لەسەر شێوازی پێدانی باج بەردەوامە".
 
بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، ئەوەی پەیوەستە بە کۆمپانیاکانەوە چارەسەر کراوە و رۆژانە نووسراو ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە بەغدا دەکەن، بە مەبەستی تۆمارکردنیان لە سیستمی (ئەسیکۆدا) و وەرگرتنی کۆد.
 
بڵند محەممەد ئاماژەی بەوەش دا، "کێشە لە باج و گومرگەکاندا ماوە و هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن".
 
لە هەرێمی کوردستان 41,562 کۆمپانیا دامەزراون؛ تەنیا لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا نزیکەی 1,300 کۆمپانیای نوێ تۆمار کراون.
 
بەگوێرەی بڕیاری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، دەبووایە کارکردن بەو رێکارە لە ئەمڕۆ دووشەممە یەکی کانوونی یەکەمی 2025 چووبایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی یەکشەممە، نووسراوێکی ئاراستەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کردووە و تێیدا ئاگاداری کردوونەتەوە لە راگرتنی کارکردن بەو رێکارە تاوەکو یەکی کانوونی دووەمی 2026.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کارکردنی ناچاری بە رێکاری گومرگی پێشوەخت لە یەکی کانوونی یەکەمەوە تەنیا بۆ چوار کاڵا جێبەجێ دەکرێ کە بریتین لە زێڕ و خشڵی دیکە، مۆبایل، ئۆتۆمبێل و ئامێری فێنککەرەوە؛ هەروەها جێبەجێکردنی ئەو رێکارە بۆ کاڵاکانی دیکە خۆویستانە دەبێت بۆ کۆمپانیاکان تاوەکو یەکی کانوونی دووەمی 2026 و لەو رۆژەوە دەبێتە ناچاری.
 
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە 25ی تشرینی دووەمی 2025 دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ئەو رێکارە کە دەبێ کۆمپانیاکان، گومرگی کاڵا هاوردەکراوەکانیان پێشوەخت بدەن و لەڕێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە بانکی ناوەندی لێ ئاگادار بکەنەوە تاوەکو رێگەیان پێ بدرێ ئەو کاڵایانە لە دەروازە سنوورییەکان دەربازی سنووری نێو عێراق بکرێن.
 
بەپێى گرتنەبەری ئەو رێکارە، کۆمپانیاکان نەیاندەتوانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندیی عێراق بکڕن. ئەو رێکارە کێشەی بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست کردبوو.
 
دووشەممە یەکی کانوونی یەکەمی 2025 سامی جەلال، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە سیستمی ئەسیکۆدا نییە و بۆ پرسی رێکاری گومرگی پێشوەخت لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندندا دەبین بۆ چارەسەری ئەو بابەتە تاوەکو ساڵی نوێ".
 
لە بڕیارەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە، ئەو کاڵایانەی بەر لە یەکی کانوونی یەکەم گەیشتوونەتە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و پارەکەی بۆ حەواڵە نەکراوە، مەرجی جێبەجێکردنی رێکاری گومرگی پێشوەخت نایگرێتەوە لە حەواڵەکردنی پارەکەیدا.
 
کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کاڵا سوود لە دۆلاری فەرمیی بانکی ناوەندی وەردەگرن کە 131 هەزار دینارە بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک.