سێ سکاڵا لە دادگای فیدراڵییە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای باری کەسی سوننەکانیش بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی سێ سکاڵا دەکات بۆ ئەوەی بڕگەیەک لە هەمواری یاسای باری کەسی لابدات، کە رێگری دەکات لەوەی ئەو هەموارە شوێنکەتووانى مەزهەبی سوننە بگرێتەوە، کە لەسەر داوای شیعە لە پەرلەمان پەسند کراوە.
ئەو سێ سکاڵایە بە جیا لە 16ی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە تاوتوێ دەکرێت، کە سێ کەس پێشکێشیان کردووە.
کرۆکی هەر سێ سکاڵاکە بە نادەستووری ناساندنی بڕگەیەکی هەمواری یاسای باری کەسییە، کە لە هۆکاری دەرچوواندنی یاساکەدا هەیە، بەوەی نوێنەرانی سوننە لە پەرلەمان قایل نەبوون بەوەی ئەو هەموارە بۆ شوێنکەوتووانی مەزهەبی سوننە جێبەجێ بکرێت.
17ی شوباتی 2025 هەمواری یاسای باری کەسی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئامانج لێی جێبەجێکردنی مەزهەبی جەعفەریی شیعەیە لەو یاسایەدا.
سروە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان، خێزان و منداڵ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکاتی پەسندکردنی هەمواری یاسای باری کەسی، نوێنەری سوننەکان رژد بوون لەسەر ئەوەی کار بە یاسای باری کەسیی ساڵی 1959 بکەن لەبری ئەو هەموارە لەوەی پەیوەندیدارە بە سوننەکانەوە".
سروە محەممەد پێشبینیکرد هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگەیە لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە، بۆ ئەوە بێت هەندێک رێکاری کۆمەڵایەتیی هەمواری یاساکە لەوەی پەیوەندیدارن بە پەیوەندى خێزان و مامەڵە لەگەڵ لەخۆگرتنی منداڵ، بۆ سوننەکانیش جێبەجێ بکرێت.
هەموارەکە بەگوێرەی تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەریی شیعە کاری پێ دەکرێت کە 337 بڕگەیە، وەک تەواوکاریی جێبەجێکردنی هەمواری یاسای باری کەسی و کارکردنی دادگاکان بەگوێرەی ئەو مەزهەبە بۆ مامەڵەکانی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری.