دانەگاز: لە نووسینگەی سوودانییەوە داوای راگرتنی بەرهەمهێنانی گازمان لێ نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
دانەگاز رەتیدەکاتەوە لەلایەن ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە داوای راگرتنی بەرهەمهێنانی گازیان لێکرابێت لە هەرێمی کوردستان.
دانەگاز هەواڵەکەی ماڵپەری ئەمریکی ( ئەلمۆنیتۆر) بە تەواوەتی بە "هەڵە و بێ بنەما" ناودەبات و دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بە روونی ئارەزووی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز بە زووترین کات راگەیاندووە."
دانەگاز دەڵێت، "سوپاسی تایبەتی سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەی دەکەین بۆ پاڵپشتییەکانیان و بۆ وەڵامدانەوەی خێرایان و سوپاسی بەرپرسانی دیکەی عیراق دەکەین بۆ سەردانی بەپەلەیان بۆ کێڵگەی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەسەر روووداوەکە".
کاژێر 11:30ی شەوی چوارشەممەی رابردوو کرا، کۆگایەک لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرایە ئامانج و بووە هۆی راگرتنی کاتیی کارەکانی و بڕانی کارەبا لەسەر بەشێکی زۆری هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی مۆنیتەر، دواى هێرشەکانى سەر کێڵگەى کۆرمۆر، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە بەرپرسانى هەرێمی کوردستان کردووە بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەکە رابگرن.
راپۆرتەکە پشتی بەستووە بە گوتەى بەرپرسێکى باڵاى هەرێمى کوردستان، کە رایگەیاندووە داواکارییەکەى سوودانى بە پاساوی تەواونەبوونى ئەنجامى لێژنەى لێکۆڵینەوەکە بووە لە رووداوەکەدا.