ئەنجوومەنی دادوەری: تائێستا زیاتر لە 190 هەزار کەس بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 194,340 کەس لە یاسای لێبووردنی گشتی سوودمەندبوون و 81 ملیار دیناریش گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی دەوڵەت.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو کۆی گشتیی ئەوانەی لە زیندان و بنکەکانی گرتن ئازادکراون گەیشتوونەتە 38 هەزار و 787 کەس. هەروەها ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی فەرمانی دەستگیرکردن، بانگهێشتکردن بۆ بەردەم دادگە، بە کەفالەت  یان بە غیابی حوکمدراون و بەر یاساکە کەوتوون، گەیشتووەتە 155,553  کەس.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "بڕی 81 ملیار و 533 ملیۆن و 490 هەزار دینار پارەی دزراو یان گەندەڵی تێداکراو گەڕێندراونەتەوە."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 30 بەندیخانەی سەر بە وەزارەتی داد لە عێراق هەن، کە زیاتر لە 60 هەزار بەندکراویان تێدایە.
 
یاسای لێبوردنی گشتی کە لە 17ـی شوباتی 2025ـەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، چەند تاوانێکی دیاریکردووە بۆ ئەوەی لێبووردن بیانگرێتەوە.
 
یاسای لێبووردنی گشتی رێگەی داوە بەو کەسانەی تۆمەتبار یان حوکمدراون بە تاوانی گەندەڵی و بردن و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی، دوای پاکتاوکردنی ئەوەی لە ئەستۆیانە، یاساکە دەیانگرێتەوە و ئازاد دەکرێن.