ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق: پاڵپشتیی هیچ بەربژێرێکمان نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بۆ پاڵپشتیکردن لە بەربژێرانی سەرۆکوەزیران بەکاردەهێنن. هۆشداریی دەدات رێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک دەگرنەبەر "زیان بە دەسەڵاتی دادوەری بگەیێنێت."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، رایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێکردنی وادە دەستوورییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، تێبینی کراوە هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتیی کێبڕکێکار لەسەر ئەم پۆستە، ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە پاڵپشتیکردن یان بەربژێرکردنی کەسایەتیی دیاریکراودا بەکاردەهێنن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو کەسایەتییانە ماڵپەڕی میدیایی نەناسراو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە بەکاردەهێنن، کە ئامانج لێی ناوزڕاندنی دەسەڵاتی دادوەری و لاوازکردنی هەلی رکابەرەکانیانە لە گەیشتن بە پۆستی سەرۆکوەزیران."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، جەخت لەسەر روونکردنەوەیەکی پێشووتری خۆی لە رۆژی 27-11-2025 دەکاتەوە و دەڵێت، "دەسەڵاتی دادوەری دەستوەردان لە بەربژێرکردنی هیچ کەسێکدا ناکات، چونکە ئەم پرسە لە تایبەتمەندیی ئەودا نییە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هۆشداری دەدات، "رێکاری یاسایی بەرامبەر هەرکەسێک دەگیرێتەبەر کە لەڕێگەی زیانگەیاندن بە دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ، پێشێلی یاسا بکات."
لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کراوەتەوە. پێویستە لە 15 رۆژدا دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رابسپێردرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت.