بەڕێوەبەری هەواڵگریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پارێزگای زیقار کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کوژرانی بەڕێوەبەری هەواڵگریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پارێزگای زیقاری لە شەڕێکی هۆزەکاندا راگەیاند.
 
شەوی یەکشەممە، 03-03-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "عەمید عەزیز شەلال جەهل، بەڕێوەبەری هەواڵگریی بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆری پارێزگای زیقار لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێکی هۆزەکاندا لە قەزای ئیسڵاح کوژراوە".
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، "هەر کەسێک ئەو کارە تیرۆریستی و تاوانکارییەى کردبێت لە سزا رزگاری نابێت".
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەو وەزارەتە، لە دواى رووداوەکە، فەرماندەیی پۆلیسی زیقار دەستى بە پشکنینى فراوان کردووە و ناوچەیەى بەتەواوى گەمارۆداوە بۆ دەستگیرکردنى هەردوولا ناکۆکەکە بۆ ئەوەى سزاى خۆیان وەربگرن.
 
دوای رووداوەکە، مورتەزا عەبود، پارێزگاری زیقار رایگەیاند، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان قسەی کردووە و "ناڕەزایەتیی تووند"ی خۆی نیشانداوە، داوای کرد لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکرێت و تۆمەتباران بەزووترین کات دەستگیر بکرێن.
 
پارێزگاری زیقار دەڵێت، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و رادەستکردنیان بە یاسا لە نزیکترین کاتدا.