لە پەرلەمانى عێراق واژۆ بۆ 'دەرکردن'ـی سوپاى تورکیا کۆدەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە فراکسیۆنە شیعەکانى پەرلەمانى عێراق واژۆ بۆ"دەرکردنى" سوپاى تورکیا کۆدەکاتەوە، بەرپرسێکی باڵای حیزبی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، زۆربەى پەرلەمانتاران پاڵپشتیى داواکە دەکەن. 
 
فراکسیۆنى بەدر لە پەرلەمانى عێراق دەستى کردووە بە کۆکردنەوەى واژۆ بۆ چوونە دەرەوەى سوپاى تورکیا لە عێراق.
 
رۆژی 2ى ئادارى 2025، ئەبو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پرۆسەى کۆکردنەوەى واژۆ بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و زۆربەی پەرلەمانتاران پاڵپشتى ئەو داواکارییە دەکەن."
 
کۆکردنەوەى ئەو واژۆیانە لە دواى ئەوە بوو کە رۆژی 27ى شوباتى 2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکى بەندکراوى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) یان بڵاوکردەوە کە تێیدا داواى لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆى هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ئەبو میساق مەسارى گوتى: "تێڕوانینێک هەیە زۆربەی فراکسیۆنەکان پاڵپشتى دەکەن کە لە دواى پەیامەکەى ئۆجەلان کۆتایی بە بوونى سەربازى سوپاى تورکیا بهێنرێت."
 
لە مانگى ئابى 2024 شاندێکى عێراق سەردانى تورکیا کرد و یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ هاریکارى سەربازى، ئەمنى و بنەبڕکردنى تیرۆر لە نێوان هەردوولا.
 
رێکخراوى بەدر یەکێکە لە هێزە شیعەکان و هادى عامرى، ئەمیندارى گشتییەتى، یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى فەتح لە پەرلەمانى عێراق. 
 
وەلید سەهلانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى فەتح بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: تێڕوانینیان وایە حکومەتى عێراقى لە رێگەى کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە چارەسەرى بوونى هێزە بیانییەکان بکات بە سوپاى تورکیاشەوە لە عێراق و رێگرى لە پێشێلکردنى سەروەرى عێراق بکرێت و دەست لەکاروبارى ناوخۆى وەرنەدرێت.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (سی تی پی) تاوەکو ئابی 2024 تورکیا 74 بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەبووە. تورکیا لە دوای شەڕی داعش، لە ساڵی 2015 بنکەیەکی سەربازی لە ناحیەی زیکانی سەر بە پارێزگای موسڵ دامەزراند، بنکەکە چەند جارێک لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراوەتە ئامانج و مووشەکباران کراوە.