راوێژکاری ئابووریی سوودانی بۆ رووداو: بەردەوامبوونی داخستنی هورمز داهاتمان بۆ یەک ملیار دۆلار کەم دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمز داهاتی مانگانە لە 7 ملیار دۆلارەوە بۆ یەک ملیار دۆلار کەم دەکاتەوە.
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ داخستنی گەرووی هورمز ئاڵۆزییەکی قورسە بۆ ئابووریی عێراق، بەوپێیەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو رێڕەوە ئاوییە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت و 94% نەوتەکەی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرێت.
موزهر محەممەد ساڵح گوتی، داخستنی ئەو رێڕەوە بەواتای دابەزینی هەناردەی نەوتە لە 3.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەوە بۆ کەمتر لە 250 هەزار بەرمیل.
سەبارەت بە رێگەی چارەش، موزهر محەممەد ساڵح گوتی: "رێگەچارەکان دیاریکراون کە هێڵی کەرکووک – جەیهانە، کە تواناکەی 200 بۆ 210 هەزار بەرمیلە و دەتوانرێت زیادیش بکرێت، هەروەها رۆژانە نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی وشکانییەوە هەناردەی ئوردن دەکرێت."
بەهۆی جەنگی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هاتووچۆی کەشتی لە گەرووی هورمز راوەستاوە.
عێراق بۆ پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی وەزارەتەکان و پرۆژەکان، پێویستە رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە بەهۆی تێکچوونی رەوتی هەناردەی نەوت، رۆژانە عێراق لە نێوان 200 بۆ 255 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات؛ تەنانەت ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتیش بگاتە 150 دۆلار، بەم دۆخەی ئێستاوە داهاتی نەوت لە 7 ملیار دۆلارەوە بۆ یەک ملیار دۆلار کەم دەبێتەوە.
دۆخی جەنگ کاریگەریی لەسەر بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار هەبووە، لەدوای دەستپێکردنی ئەو جەنگە بەهای دینار جێگیر نییە و لە سەروو 150 هەزار دینارە بەرانبەر بە 100 دۆلار.
موزهر محەممەد ساڵح رایگەیاند، سەرچاوەی سەرەکیی دۆلار بۆ عێراق داهاتی هەناردەی نەوتە کە لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکایە و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت واتە کەمبوونەوەی گەیشتنی دۆلار بە عێراق، و لە هەمان کاتیشدا پەنابردن بۆ دۆلار وەک رێگەچارەیەک دەکرێت بۆ ئەو دۆخەی کە هەیە.