هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە


رووداو – هەولێر

بڕیارە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە و تاوتوێی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پرسە نێوخۆییەکان بکات.
 
رۆژی سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە کاژێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی محەممەد شیاع سوودانی کۆببێتەوە."
 
سەباح ساڵحی رایگەیاند، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و چۆنێتیی دەربازکردنی عێراق بکرێت لەو تەنگژەیەی ئێستا، هەروەها باس لە تاوتوێکردنی رێکارەکان دەکرێت بۆ بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی 12 لایەنی سەرەکیی هاوپەیمانیی شیعەکان لەخۆدەگرێت کە زۆرینەی پەرلەمانییان بەدەستەوەیە و نووری مالیکییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە.
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی رایگەیاند، بڕیار بوو کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستاوە نەکرا، گوتیشی: "کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکان و بارودۆخی ناوچەکە".
 
کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کاتێکدایە، کە پرۆسەی سیاسیی لە عێراق چەقی بەستووە، ئەمەش دوای ئەوەی چوارچێوەکە نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کرد، بەڵام ئەمریکا دژی بەربژێرکردنیەتی.