رێکاری نوێی گومرگی بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە عێراقەوە راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بە مەبەستی رێگریکردن لە جەنجاڵی لە بەندەرەکان و خێراکردنی گەیشتنی کاڵاکان بە بازاڕ، رێکاری نوێی گومرگی رادەگەیێنێت کە کەرتی گشتی و تایبەت دەگرێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و بەهۆی ئەو "دۆخە نائاساییەی" ناوچەکە و بەندەرەکانی گرتوەتەوە، کۆمەڵێک رێکاری کاتییان بۆ خێراکردنی راییکردنی مامەڵە و کەمکردنەوەی جەنجاڵی گرتووەتەبەر.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئامانج لەم هەنگاوانە جێگیرکردنی زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییەکان و پشتگیریکردنی ئابووریی نیشتمانییە لەم دۆخەدا.
رێنماییەکان بەم شێوەیەن:
یەکەم: رێگە دەدرێ بە دەرهێنانی ئەو کاڵایانەی بۆ کەرتی گشتی (وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان) هاوردە دەکرێن، ئەوەش لە بەرامبەر پێشکێشکردنی گەرەنتییەکی یاسایی لەلایەن لایەنی سوودمەندەوە. لایەنی پەیوەندیدار پابەند دەبێت لە ماوەی یاساییدا تەواوی رێکارەکان و رەسمە گومرگییەکان رایی بکات.
دووەم: سەبارەت بە کەرتی تایبەت، رێگە دەدرێ کاڵاکان لە بەندەرەکان دەربهێندرێن، دوای دانانی بڕە پارەیەک بۆ 90 رۆژ. پێویستە بڕی پارەکە هاوتای تەواوی تێچووی گومرگی و باجەکان بێت.
هاوردەکار پابەند دەبێت پێش کۆتاییهاتنی ماوەی دانانی پارەکە، تەواوی بەڵگەنامە فەرمییەکان پێشکێش بکات، بەپێچەوانەوە پارەکە دەخرێتە سەر گەنجینەی دەوڵەت.