وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو: بە رێککەوتن بڕی گەنمی وەرگیراوی هەرێمی کوردستان دیاری دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەم ساڵ هەموو گەنمی جووتیارانی ژێر دەسەڵاتی خۆی وەربگرێت. ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بڕەکە سنووردار دەبێت و هەولێر و بەغدا رێککەوتنی لەبارەوە دەکەن. شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەکات.
رۆژی چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان سنووردارە، هەروەک چۆن ساڵی رابردوو بە رێککەوتنی هەردوولا 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا.
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 2ی نیسانی 2024دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراقی پەسند کرد بەوەی هەموو گەنمی ئەم ساڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت، تەنانەت ئەوەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی ئەم وەرزەیشدایە.
سەبارەت بەوەی ئەم ساڵ هاوشێوەی ناوچەکانی عێراق هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، رێککەوتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکخستنی پڕۆسەی رادەستکردنی گەنم بە وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە و بە رێککەوتنی هەردوولا بڕی ئەو گەنمە دیاری دەکرێت کە وەردەگیرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، پێش دەستپێکردنی وەرزی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، تیمی هاوبەشی هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر بڕەکەی دەدەن.
ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن تۆن گەنم بێت.
رۆژی چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و بڕیارە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت کە نزیکەی 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو. حکومەتی عێراق ساڵی 2022 زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵی گەنمی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن، ئەوەش لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە، واتە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکەین."
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، محەممەد خوزاعی گوتی، "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی گفتوگۆ کراوە کە جووتیاران دوای رادەستکردنی گەنمەکانیان لە نزیکترین کاتدا شایستە داراییەکانیان وەربگرن."