ئەو کەسە دەستگیر کرا کە لەسەر دیوارى ماڵان لە بەغدا دەینووسی "داواکراوە"

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی عێراق دەستگیرکردنى کەسێکى "مەترسیدار"ى راگەیاند کە گرتەى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کاتێک لە بەغدا لەسەر دیوارى ماڵان دەنووسێت "داواکراوە"و بە پارە تۆڵەى عەشایەرى دەکاتەوە.
 
رۆژی 2ى نیسانى 2024، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو داواکراوەى بڵاوکردەوە کە بە "تۆمەتبارى مەترسیدار" ناوى بردووە.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئەو کەسە لە چەند گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە کە لەسەر دیوارى ماڵان دەنووسێت "داواکراو" و تەقە لە ماڵەکانیان دەکات.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو کەسە لە بەشى کەرخى بەغداى پایتەخت لەلایەن هێزێکى هاوبەشی دەزگاى هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان و پۆلیسی فیدڕاڵى دەستگیرکراوە.
 
ئەو کەسە بەپێی مادەى 430 لە یاساى سزادانى عێراق دەستگیرکراوە، کە تایبەت بە تاوانى هەڕەشەکردن بە نووسین و سزاکەى دەگاتە حەوت ساڵ بەندکردن.