وەزارەتی پەروەردەی عێراق: ئەو قوتابخانانەی لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی نزیکن بگوازرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان دەکات شوێنی جێگرەوە بۆ ئەو قوتابخانە، بەش و هۆبانە دابین بکەن کە لە بارەگا ئەمنییەکانەوە نزیکن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی گیانی قوتابیان و کادرانی پەروەردەیی.
ئەحمەد فەتلاوی، گوتەبێژی پارێزگای نەجەف، رۆژی هەینی، 3ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم رێکارە تەنیا پارێزگای نەجەف ناگرێتەوە، بەڵکو وەک رێنماییەکی گشتی بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق نێردراوە، ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ بەردەوامیی پرۆسەی خوێندن و کارگێڕی لەو ناوچانەی کە قوتابخانە یان فەرمانگە پەروەردەییەکانیان نزیکی بنکەی هێزە ئەمنییەکان، شوێنەکانیان دەگوازرێتەوە و جێگرەوەیان بۆ دادەنرێ لە پێناو سەلامەتیی هەمووان"
فەتلاوی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کراوە و داواکراوە بە زووترین کات کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو شوێنانە بکرێت بۆ ئەوەی هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پرۆسەی خوێندندا دروست نەبێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکان کراوە، تێیدا هاتووە: "لەبەر بارودۆخی ئەمنی ئێستا و بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و کادرانی پەروەردەیی، ئاگادارتان دەکەینەوە ئەو قوتابخانانەی لە نزیک بارەگا ئەمنییەکانن، لە کاتی هەر رووداوێکی ئەمنی یان بە ئامانجگرتنی ئەو بارەگایانە، رەنگە رووبەڕووی مەترسی ببنەوە."
لە نووسراوەکەی وەزارەتدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە شوێنی جێگرەوە دابین بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە سەقامگیری بەردەوام بێت و سەلامەتیی هەمووان پارێزراو بێت.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە، بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەکرێنە ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل.