سوودانی: تووندترین رێکار بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر زیان بە نێوبانگی وڵات دەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەردانی بارەگای ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ کرد و هۆشداریی تووند دەداتە ئەو لایەنانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و نێردە دیپلۆماسییەکان.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی هەینی، 3ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لە بارەگای ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی گوێبیستی پوختەیەک لە رێکارەکانی ئاژانسی هەواڵگری بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا، بەتایبەت پرسی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکان، نێردە دیپلۆماسییەکان و رفاندنی هاونیشتمانییانی بیانی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تووندترین رێکار بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە دەستیان لەم کارە دوژمنکارانەیەدا هەیە، چونکە بە گوتەی ئەو "زیان بە نێوبانگی وڵات و بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەگەیێنن."
سوودانی لەبارەی سەروەریی یاساوە رایگەیاند: "هیچ هێڵێکی سوور لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسادا نییە؛ لایەنی داواکراو هەر کێ بێت، نابێت هیچ کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی یاسادا بکرێت و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ ئەولەویەتی سەرەکییە."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سوودانی داوای ئامادەیی تەواو و بەردەوامیی هەوڵە هەواڵگرییەکانی کرد بۆ پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی بەدەستهاتووە.
هەروەها داوای کرد رێگری لە هەر هەڕەشەیەک بکرێت کە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە، بەتایبەت لەم کاتەی کە ناوچەکە بەهۆی شەڕ و پەرەسەندنی ململانێکانەوە دۆخێکی هەستیار بەخۆیەوە دەبینێت.