قایمقامی رووتبە بۆ رووداو: لە یەکەم رۆژى کردنەوەى دەروازەی وەلید 300 تانکەر نەوت هەناردە کراوە

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای رووتبە لە ئەنبار رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەروازەی وەلید نزیکەی 300 تانکەری نەوتی رەش لەو رێگەیەوە هەناردە کراوە بۆ ئەوەی لە بەندەری بانیاسی سووریاوە بفرۆشرێت و ئەو دەروازەیە دەتوانێت رۆژانە هەزار بارهەڵگرى پێدا تێدەپەڕێت و لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا ئاڵوگۆڕی کاڵا و بازرگانی تێدا دەستپێدەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، عیماد مەشعەل، قایمقامی روتبە لە بەشدارییکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی رووداو رایگەیاند: 31ی ئادار و لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەروازەی وەلید لەگەڵ سووریا، نزیکەی 300 تانکەر نەوت دەربازی سنووری سووریا بوون و لە دوای ئەوەش هەناردەی نەوت بەردەوام بوو، لە دوای ئەوەی سەرجەم رێکارە پێویستەکانیان دەگیرێتەبەر، دەروازەکە لە توانای دا دەبێت لە رێگەیەوە رۆژانە هەزار بارهەڵگر بڕوات.
 
دەروازەی وەلید دەکەوێتە سنووری قەزای روتبە لە رۆژئاوای پارێزگاى ئەنبار لە سەر سنوورى سووریا، لە دوای 11 ساڵ لە داخستنی، ئەمڕۆ بە فەرمی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و سووریا کرایەوە.
 
قایمقامی روتبە گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەرپرسانی سووریا و عێراق لە دەروازەی وەلید، بڕیار درا لە 10 رۆژی داهاتوودا دەروازەکە بە رووی گواستنەوەی کاڵا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکرێتەوە و دواتریش هاتوچۆی گەشتیارانی لێوە بکرێت".
 
ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعش دەروازەی وەلید داخرا کە لە دیوی سووریا بە تەنەف ناسراوە.
 
عیماد مەشعەل رایگەیاند: دۆخی ئێستا وای کرد پەلە بکرێت لە کردنەوەی دەروازەی وەلید و ئەو رێگە سەرەکییەی کە تانکەرەکانی پێدا تێپەڕ دەبن بۆ دەروازەکە، لە رووی ئەمنییەوە پارێزراوە.
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ى شوبات، هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسرە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز وەستا، ئێستا وەزارەتی نەوت لە رێگەی هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و رێگەی وشکانی سووریا بۆ بەندەری بانیاس نەوت لەسەر دەریاى سپى ناوەڕاست هەناردە دەکات.