لە 34 رۆژدا 83 جار بارەگاکانی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون
رووداو دیجیتاڵ
تائێستا 83 جار بارەگا و بازگەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی عێراق بۆردوومان کراون، لە ئەنجامدا 134 چەکدار کوژراو و بریندار بوونە. زۆرترین هێرش لە نەینەوا بووە، لیواکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا زۆرترین هێرشیان کراوەتەسەر، لە بەرامبەردا گرووپە چەکدارەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە 753 هێرشیان کردووە.
ئەو هێرشانە لە ماوەی 34 رۆژدا واتە لە 28ی شوبات تاوەکو 2ی نیسان کراون، واتە لەو رۆژەی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
83 بۆردوومان و 73 کوژراو
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق بە فەرمی بڵاویکردوونەتەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 83 جار بارەگای هێزە جیاوازەکانی سەر بەو دەستەیە بۆردوومان کراون. لە ئەنجامدا 73 چەکدار کوژراون و 61 چەکداریش بریندار بوونە.
بە گوێرەی ئامارەکە، لەو 34 رۆژەدا و بەپێی 73 چەکدار لە هێزە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی کوژراون. لەو ماوەیەدا ژمارەی بریندارانی بۆردوومانەکان گەیشتووەتە 61 چەکدار. لە نێو کوژراوەکان دا فەرماندەی فەوج و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد هەن.
ئەو هێرشانە زۆربەیان بە فڕۆکە کراون و حەشدی شەعبیش ئەمریکا و ئیسرائیل بە کردنی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات. هەرچەندە ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە کە هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام ئیسرائیل لەسەر ئەو هێرشانە هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە.
حیزبوڵڵا ئامانجى یەکەمە
بە گوێرەى ئامارى دەستەى حەشدی شەعبی، بۆردوومانەکان زیاتر لە 24 لیوای سەر بەو دەستەیەیان کردووەتە ئامانج، کە سەر بە گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بوون.
زۆرترین هێرش لە ماوەی ئەو 34 رۆژەدا کراوەتە سەر لیواکانی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، کە 8 جار بۆردوومان کراون؛ شەش بۆردوومانیان لیوای 45 و دوو بۆردوومان لیوای 47، کە زیاتر لە رۆژئاوای ئەنبار باڵادەستن.
ئەحمەد حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە و فراکسیۆنی (حقووق)ی هەیە لە پەرلەمانی عێراق، کە 6 کورسی هەیە.
دووەم زۆرترین هێرش کراوەتە سەر لیوای 30ی حەشدی شەعبی کە پێنج هێرش بووە. لیوای 30 کە بە لیوای حەشدی شەبەک ناسراوە، لەلایەن محەممەد جەمیل (ئەبو ئەحمەد)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە دەشتی نەینەوا باڵادەستن.
لیوای 31ی حەشدی شەعبی سێیەمین زۆرترین هێرشی بەرکەوتووە، کە سێ هێرش بووە و سەر بە گرووپی ریسالیون و عەدنان شەحمانی ئەمینداری گشتییەتی.
نەینەوا زۆرترین بۆردوومان کراوە
بە گوێرەى ئامارەکانى دەستەى حەشدی شەعبی ئەو بۆردوومانانەى بنکە و بارەگای گرووپەکانی کردوونەتە ئامانج لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، بابل، سەلاحەدین، نەینەوا، بەغدا و دیالە بوون.
بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە نەینەوا زۆرترین جار بۆردوومان کراون، کە 12 جار بووە، بەدوایدا پارێزگای ئەنبار دێت، کە 11 جار بنکە و بارەگاکانى ئەو گرووپە بۆردوومان کراون
لە پارێزگای بابل و بەدیاریکراوی لە ناوچەی جروف سەخەر، حەوت جار گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون، لە سەلاحەدین شەش جار و لە کەرکووکیش چوار جار بۆردوومان کراون.
موقاوەمە 753 هێرشمان کردووە
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقیی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهاتوون، لە 28ی شوباتەوە بەرپرسیارێتی لەو هێرشانە راگەیاندووە کە گوایە دەیکەنە سەر نەیارانیان لە عێراق و ناوچەکەدا.
بە گوێرەی ئاماری ئەو گرووپە، لە 34 رۆژی دەستپێکردنی جەنگەکەدا 753 هێرشیان کردووە.
دوایین ئامار، گرووپەکە بەیانى هەینى 3ى نیسان بڵاویکردەوە، کە گوایە لە 24 کاژێرى رابردوودا 23 هێرشیان کردووە.
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکانی لەو ماوەیەدا لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کردووە، بەشێك لەو گرووپانە لەوانە سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولکەهف و ئەولیائوڵڵا زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
زۆرترین هێرش کە ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرتووە لە 17ی ئاداردا بووە، کە 47 هێرش بووە، کەمترین هێرشیش لە 12ی ئاداردا بووە، کە 13 هێرش بووە.