عێراق لە نێو شەتولعەرەب دا بازگە دادەنێت

رووداو دیجیتاڵ

پاسەوانی سنووری عێراق یەکەیەکی تایبەتی بازگەی دەریایی لە شەتولعەرەب خستەکار بۆ پشکنینی ئەو بەلەمانەی بەرەو بەندەرەکانی عێراق لە بەسرە دەچن.
 
ئەو یەکەیە پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026 بەفەرمی دەستبەکاربووە و سەر بە ناوچەی چواری پاسەوانی سنووری عێراقە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو یەکەیە لە رێگەی زیاتر لە 60 بەلەمەوە ئەو بەلەمانە دەپشکنێت، کە لە ئاوە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ کوێت لە شەتولعەرەبەوە دەرباز دەبن بۆ بەندەرەکانی عێراق.
 
ئەو هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کە بەهۆیەوە ئێران بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت کوێت کە هاوسنووری عێراقە.
 
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند رۆژانە ماسیگرانی عێراقی بە بەلەم دەچنە ئاوە هاوبەشەکان لە شەتولعەرەب و پێشتر مۆڵەتیان پێدەدرێت، بەڵام دوای گەڕانەوەیان دەپشکنرێن و ئامانج لەو پشکنینە رێگرییە لە دەربازبوونی هەموو شتێکی قەدەخەکراو لە ماددەی هۆشبەرەوە تاوەکو چەک و تەقەمەنی.
 
یەکەکەی سەر بە پاسەوانی سنووری عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەندەرەکانی عێراق کاردەکات.
 
زیاتر لە 22 کیلۆمەتر سنووری ئاوی لەنێوان عێراق و کوێتدا هەیە.