داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ یەکەمجار لەدوای جەنگ بۆ هەفتەیەک درێژ دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لەدواى دەستپێکردنى جەنگ، داخستنى ئاسمانى عێراق بۆ ماوەى یەک هەفتە و تاوەکو 10ى نیسان درێژکرایەوە، ئەوەش لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى پێشهاتەکانى دۆخى ناوچەکەیە.
هەینی 3ی نیسانی 2026، جیهاد دیوان، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی یەک هەفتە درێژکرایەوە، کە لە کاتژمێر 12:00ی ئەمڕۆ تاوەکو 12:00ی رۆژی 10ی نیسان دەبێت".
لە 28ی شوباتەوە ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا، ئەوەش بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
جیهاد دیوان رایگەیاند، ئەوە یەکەمجارە لەدوای دەستپێکردنی جەنگ درێژکردنەوەى داخستنى ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا بۆ ماوەی یەک هەفتە درێژبکرێتەوە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگ، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانەکەی لە 48 بۆ ماوەی 72 کاژێر درێژ دەکردەوە.
گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق رایگەیاند: ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی دۆخی هەرێمییە، بەگوێرەی گۆڕانکارییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر گۆڕانکارییەک ئاگادار دەکەنەوە کە رووبدات.
داخستنی ئاسمانی عێراق فڕۆکەى هاتوو، رۆیشتوو، هەروەها ئەو فڕۆکانەش دەگرێتەوە، کە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبن.
هەردوو بەرەی جەنگەکە ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر یەکدی بەکاردەهێنن.