وەزیری پلاندانانی عێراق: ئەمساڵ سەرژمێری ناکرێت


رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیری پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە هەندێک پڕۆژەدا هاوئاهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمساڵ سەرژمێری ناکرێت. 
 
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق رۆژی چوارشەممە 03-05-2023 لە دووەمین پانێڵی دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا، سەبارەت بە هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە هەندێک پڕۆژەدا کە پارەدارکردنی نێودەوڵەتین، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. بەڵام هەر وەزارەتێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و خۆی لەگەڵ پرۆژەکانی مامەڵە دەکات؛ هەرچی تایبەتە بەو پڕۆژانەی کە لەسەر قەرزی دەرەکی دەکرێن، دانەوەی ئەو قەرزە و سوودەکەشی کە دواتر دەدرێتەوە، دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان. ئەوەی کە پەیوەندی بەو پڕۆژە ستراتیژییانەوە هەیە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافیاوە بە یەکەوە دەبەسترێینەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هاوئاهەنگیمان لەگەڵی هەیە." 
 
سەبارەت بە سەرژمێری دانیشتووان کە بڕیاربوو ئەمساڵ بکرێت، وەزیری پلادانانی عێراق گوتی، "لە بودجەی ساڵی 2023دا بڕی 350 ملیار دینار بۆ سەرژمێری دیاریکراوە. بە راشکاوانە دەڵێم کە پێویستمان بە راهێنانی کارمەندە. بە ناچاری بەڕێوەچوونی سەرژمێری دەبەینە ساڵی 2024، بەڵام دڵنیایی دەدەین کە لە بەرنامەی حکومەتدایە سەرژمێری بکرێت. بودجە بۆ سەرژمێری تەرخانکراوە و کاریشی لەسەر دەکەین." 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد تەمیم لەبارەی پلانی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق قسەی کرد و رایگەیاند، "یەکەمین جارە لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جەخت دەکرێتەوە لە پەرەپێدانی بەردەوام و وزەی نوێبووەوە، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، دڵۆپاندن و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون. یەکەمین جارە لە بودجەدا بەو قەبارە گەورەیە پرۆژە بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر دادەنرێت؛ هەروەها بودجە بۆ وەبەرهێنانکردن لە بابەتی گاز و گازی هاوەڵ و سووتاو دادەنرێت. لە چەند مانگی داهاتوودا هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنیان دەنرێت." 
 
ئەو گوتەیەی وەزیری پلاندانانی عێراق لە کاتێکدایە، عێراق یەکێکە لەو 5 وڵاتەی بەر کاریگەری گەورەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کەوتووە. 
لە ئاداری ئەمساڵدا سەلاح حاج حەسەن، نوێنەری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، قسەکردن لەسەر کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق بەشێوەی تیۆری نەماوە و بووەتە راستییەک کە لێکەوتەکانی کاریگەری زۆری هەیە، بە جۆرێک "کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستی، کار و داهاتی هاووڵاتییان هەیە. کاتێک باسی تەندروستی دەکەین، هەموومان بیرمانە کە ساڵی رابردوو چڕی و بەردەوام دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین بووە هۆی راگرتنی کار لە عێراق بۆ چەند رۆژێک و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، حکومەت ناچار بوو کە بەو هۆیەوە چەند رۆژێک بکاتە پشوو، جگە لە کاریگەری لەسەر جۆری بەرهەمەکان و داهاتی تاک، ئەم بابەتە تەنیا تیۆری نییە و بەداخەوە بووەتە راستی." 
 
محەمەد تەمیم باسی لە هاوئاهەنگییەکانی نێوان چین و عێراق کرد و رایگەیاند، سندووقێک بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا دروستکراوە و پارەی دروستکردنی دوو هەزار قوتابخانە و سەرووی 30 نەخۆشخانە لەو سندووقە دادەندرێت.