هەفتەى داهاتوو پەرلەمانى عێراق پشوو وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەى داهاتوو پشووى وەرزى یەکەمى پەرلەمانى عێراق دەستپێدەکات کە ماوەکەى دوو مانگە.
ئەندامێکى لێژنەى یاسایی دەڵێت: لەکاتی پێویست کارى پەرلەمان درێژ دەکرێتەوە یان کۆبوونەوەى لە ناکاو دەکرێت.
8ى ئایار، وەرزى یەکەمى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت و دەچێتە پشوویەکى دوو مانگیەوە. دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایی بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەر لە دەستپێکردنى پشوو لە هەفتەى داهاتوودا کۆبوونەوە ناکەین، ئەگەر پشووەکە دوابخرێت، دەبێت بخرێتە دەنگدانەوە و پێویستى بە 1+50 ئەندامانى ئامادەبووى کۆبوونەوەکەیە".
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق، هەموو ساڵێک دوو وەرزى یاسادانانى دەبێت کە بە تێکڕا هەشت مانگە. دارا سێکانیانى راگەیاند، لەم خولەى پەرلەماندا "هیچ کاتێک" دوو مانگ پشوو وەرنەگیراوە و مانگێک وەرزى یاسادانان درێژکراوەتەوە و لە پشووەکەى بردووە.
چەندین پرسی گرنگ لە بەردەم پەرلەمان ماون کە یەکلا نەکراوەنەتەوە، لەوانە هەموارى یاسای بودجەى گشتى و هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان. ئەندامەکەى لێژنەى یاسایی گوتى، "پەرلەمان دەتوانێت داواى کۆبوونەوەى لە ناکاو بکات بۆ ئەو دوو پرسە، بەڵام پێدەچێت ئەو هەنگاوە نەنرێت".
بەپێى بڕگەى دووەمى مادەى 58ى دەستوورى عێراق، پەرلەمان مافی هەیە وەرزى یاسادانان درێژبکاتەوە بەو مەرجەى کە 30 رۆژ تێپەڕ نەکات.