وەزارەتی داد بۆ رووداو: دوو زیندانییە هەڵاتووەکەی حیلـلە دەستگیرکرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو زیندانییە هەڵاتووەکەی حیلـلە دەستگیرکرانەوە و بەڕێوەبەری زیندانەکە، یاریدەدەر و بەرپرسانی دیکەی زیندانەکە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. وەزیری دادی عێراق دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا سەرەداوی تاوانەکە ئاشکرا بووە.
نیوەڕۆی دوێنێ هەینی، دوو زیندانی لە زیندانی حیلـلەی ناوەندی پارێزگای بابل رایان کرد.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر لە چرکەساتی دوای هەڵاتنەکە، خالید شوانی، وەزیری داد بڕیاری دا بە دەستبەسەرکردنی سەرجەم بەرپرسانی زیندانەکە. وەزیری داد ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیشی پێکهێنا."
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، "دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان، هەردوو زیندانییە هەڵاتووەکە دەستگیرکرانەوە، کە یەکێکیان لەسەر دۆسیەی دزی و ئەوی دیکەش لەسەر دۆسیەی مادەی هۆشبەر سزا دراوە."