ژوورە بازرگانییەکانی عێراق: سێل و کیو ئاڕ کۆد بۆ شەفافییەتە لە گومرگەکان

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەڵێت، کارکردن بە سێلی گومرگی و کیوئاڕ کۆد، تەنیا بۆ زانینی رێژە و وردەکاریی هاوردەکراوەکانە لە گومرگەکانەوە. دەشڵێت، گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک.
 
ئەمڕۆ شەممە، سێی ئایاری 2025، عەبدولڕەزاق زوهێری، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەبەست لە کارکردن بە سێلی گومرگی و کیو ئاڕ کۆد، تەنیا زانینی رێژە و وردەکاریی هاوردەکراوەکانە لە گومرگەکانەوە، نەک ئەوەی کە داوا بکرێت هەموو داهاتەکەی رادەست بکرێت."
 
عەبدولڕەزاق زوهێری دەڵێت، "زیاتر لە سێ ساڵە کێشەی گومرگەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، چەندینجار بە هاوڕێیانمان لە هەرێمی کوردستان گوت، وەرن با گومرگەکان یەکبخەینەوە؛ بەڵام نەیانکرد، بۆیە ناچاربووین سێلی گومرگی و سیستمی کیو ئاڕ کۆد دابنێین. هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک."
 
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق، "بوونی دوو گومرگ لە نێو وڵاتدا، عەیبەیە تووشی هەردوولا بووە، زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئێستا کار بە سیستمی ئەسیکۆدا دەکەن و ئێمەش تەنیا ئەوەمان دەوێت. رێکخراوی بازرگانی جیهانیی شەفافییەتی لە هاوردە و هەناردە دەوێت لێمان، ناچارین هەموو هەوڵێک بدەین بۆئەوەی گومرگەکانمان شەفاف بن."
 
هاوکات سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە بەشێک نین لەو شاندەی کە سەردانی بەغدا دەکەن و لەسەر بابەتی گومرگەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە، هەرچەندە چەند جارێک داوامان کردووە بمانکەن بە ئەندام، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە."
 
شوکری جەمیل ئاماژەی بەوە کرد، "هەفتەی رابردوو لە بەغدا لەگەڵ راوێژکارانی سوودانی کۆبووینەوە، گوتمان بابەتی سیاسی تێکەڵی بازرگانی کراوە، هیچ رەوا نییە کێشە بۆ بازرگانیی نێوخۆییش دروستکراوە، ئەوان پێیان گوتین ئێوە پابەندی بڕیارەکان نابن."
 
بە بڕوای سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک، "ئێمە لە نێو هەرێمێکداین، دەبێت تەنیا بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین، نەک بڕیارەکانی بەغدا."
 
شوکری جەمیل، باسی کێشەیەکی دیکەی کرد کە یەخەی بازرگانانی هەرێمی کوردستانی گرتووە و دەڵێت، "ئێستا لقەکانی بانکی تی بی ئای لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکیان دەرکردووە، کە هەر بازرگانێک ئەگەر کار بە سیستمی سێلی گومرگی و کیو ئاڕ کۆد نەکات، ناتوانێت لە رێگەی ئەو بانکەوە حەواڵەکانی بکات."
 
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک، "ئەم هەموو رێکارە تووندانە وایکردووە جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوی بەرەو لاوازبوون بڕوات."
 
کارکردن بە سێل و کیو ئار کۆد، کەمتر کاریگەری کردووەتە سەر جووڵەی بازرگانی لە هەولێر و سلێمانیدا، رووداو قسەی لەگەڵ هەریەکە لە ژوورە بازرگانییەکانی سلێمانی و هەولێر کرد، بە گوتەی ئەوان، "بڕیارەکان هێشتا بە شێوەیەکی گەورە کاریگەرییان لەسەر جووڵەی بازرگانی دروست نەکردووە، کاتی دەوێت تاوەکو هەست بە کاریگەرییەکەی بکرێت."
 
بەپێی گوتەی وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، "لە 15ـی نیسانەوە تاوەکو 30ـی هەمان مانگ، نزیکەی 20 هەزار کرێکار بێ کار ماونەتەوە، کۆمپانیا هەیە 300 بۆ 400 کرێکاری هەبووە و هەموویان دەرکراون."
 
سێل، مۆرێکە کە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە ئەودیو بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى.
 
لە 11ـی ئادارى 2025ـیشەوە، بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى لە دەروازە سنوورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە. ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەی تێپەڕبێت.