گواستنەوەی عێراق: 100 گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، بۆ وەرزی حەجی ئەم ساڵ 100 گەشتی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەکرێن. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، گواستنەوەی حاجیان تاوەکو 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە 03-05-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "100 گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە تەرخانکراون. سەرەتا رۆژانە چوار گەشت دەکرێن و دواتر بەگوێرەی زۆریی ژمارەی حاجیان، گەشتەکان بۆ 7 گەشتی رۆژانە زیاد دەکرێن."
 
بەگوێرەی گوتەی مەیسەم سافی، پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیان تاوەکو 17ی ئایار بەردەوام دەبێت. تائێستاش یەکەم گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی بەسرە و بەغداوە بەرەو سعودیە دەستیان پێکردووە.
 
یەکەم گەشتی هەرێمی کوردستان کەی دەبێت؟
 
ئەم ساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ فەریزەی حەج بەڕێدەکەون. رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج، بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 7ـی ئایار یەکەم گەشتی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەستپێدەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانیش رۆژی 8ـی ئایار دەبێت. هەموو گەشتەکانیش لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە دەکرێن.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت، "حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا، واتە لە 7 بۆ 17ی ئایار، هەموویان لە رێگەی ئاسمانییەوە دەگەیێندرێنە سعودیە."
 
پێشتر بڕیار وابوو گەشتی حاجییان بە رێگەی وشکانی یان بەشێکی بە وشکانی تاوەکو دەروازەی عەرعەر بێت، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕدرا و کرا بە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ بۆ هەموو حاجییان.