ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سادیقوون: تاوەکو 15 رۆژی دیکە حکومەت پێکدێ
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی سادیقوون پێشبینی دەکات، تاوەکو 15 رۆژی دیکە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێکبێت. پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ، عەلی فالح زەیدی هەفتەی داهاتوو کابینە وەزارییەکەی پێشکێشی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ.
د. سەعد سەعیدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقوونی باڵی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە تاوەکو 15 رۆژی دیکە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی پێکبێت".
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، رۆژی یەکشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش وادەی دەستووری کە 27ی ئەم مانگەیە، حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی پێکدێ".
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو عەلی فالح زەیدی کابینە وەزارییەکەی پێشکێشی پەرلەمانی عێراق بکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، زیاتر لە 100 پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای عێراق ئەم ساڵ دەچنە حەج، بۆیە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی خێراکراوە، تاوەکو پێش ئەوەی بچنە حەج، دەنگی لەسەر بدرێ و پەسند بکرێ.
ئێوارەی رۆژی 29ـی زولقەعدە، لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاری دەکات. 9 رۆژ دوای ئەوە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. حاجییان لە رۆژی 9ـی زولحیجە واتە رۆژێک پێش جەژن لە کێوی عەرەفە دەوەستن، تاوەکو نوێژی مەغریب و رۆژی دواتر 10ـی زولحیجە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز.
ئەگەر 16 ئایار بە بەڵگەی تەواوە مانگ بینرا، ئەوە 9 رۆژ دواتر دەبێتە جەژن. ئەگەر ئەوکات مانگ نەبینرا، 9 رۆژ دوای 17 ئایار دەبێتە یەکەم رۆژی جەژن. ئەوەش بەو مانایەی جەژن دەکەوێتە 26 یان 27ی ئایاری 2026.