لە دیالە پسپۆڕێکی تەقەمەنی بۆمبێکی ساختە لەبەردەم ماڵەکەی خۆى دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە دیالە پسپۆڕێکی خانەنشینی تەقەمەنی، بۆمبێکی ساختە لەبەردەم ماڵەکەی دادەنێت و پۆلیسی لێ ئاگادار دەکاتەوە، دواتر دەرکەوتووە ئەو کارەی بۆ ئەوە کردووە رێکارێکی یاسایی تێکبدات کە پێشتر لەبارەى دەستگرتن بەسەر پارەدا لە دژی گیراوەتەبەر.
عەقید هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو رووداوە لە ناوچەی تەحریری شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە روویداوە و ئەو کەسەی کە ئەو بۆمبە وەهمیەی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا داناوە، پێشتر پسپۆڕی تەقەمەنی بووە لە وەزارەتى ناوخۆ و ئێستا خانەنشینە".
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە، کاتێک لێکۆڵینەوەیان لەو بۆمبە کردووە بۆیان دەرکەوتووە ساختەیە و لە دوای پشکنینی کامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە ئەوەی بۆمبەکەی داناوە خاوەنی خانووەکەیە و دەستگیرکراوە.
عەقید هەیسەم رایگەیاند: ئەو کەسە ئەو کارەی بۆ ئەوە کردووە کە رێکارێکی یاسایی تێکبدات کە پێشتر لە دژی گیراوەتەبەر.
ئەو کەسە پێش ئەو رووداوە دۆسیەیەکی لە دادگە لەسەر بووە بەگوێرەی مادەی 456ی یاسای سزادانی عێراق کە تایبەتە بە دەستگرتن بەسەر پارە بە شێوەیەکی ناڕەوا و هەڵخەڵەتاندن و سزاکەی بەندکردنە.
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە رایگەیاند، لەدوای دەستگیرکردنی ئەو کەسە، دۆسیەی بۆ کراوەتەوە لەبارەی تاوانی دووەمی و دراوەتە دادگە.