حکومەتی عێراق سێ ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سێ ترلیۆن دینار بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگا و وەزارەتەکان خەرج بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە سێی حوەزیرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 22ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی کرد و ژمارەیەک بڕیاری پەسند و دەرکرد، دیارترینیان بریتین لە:
- رۆژی هەینی شەشی حوزەیران، تاوەکو سێشەممە 10ـی حوزەیران پشووی جەژنی قوربانە، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 11 و 12ی ئەم مانگە دەوامی فەرمی دەبێت.
- رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە پشووی فەرمی بێت.
- گرێبەستی راستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانیی (کارپاوەر) بکرێت بۆ زیادکردنی توانای 650 مێگاوات کارەبا.
- پڕۆژەی سەکۆی سەرئاوکەوتوو (FSRU) بۆ هاوردەکردنی گاز دروست بکرێت.
- سێ ترلیۆن دینار خەرج دەکرێ بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگا و وەزارەتەکان.
- پرۆژەی گۆڕینی دیجیتاڵی وەزارەتی داد دەخرێتە چوارچێوەی خشتەی بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکە بۆ ساڵی 2025.
- زیادکردنی پارە بۆ گرێبەستی دیزاینکردن، جێبەجێکردن و دروستکردنی یاریگەی ئۆڵۆمپی لە بەغدا/ تاجیات کە بتوانێ 60 هەزار هاندەر بگرێ.
- مۆڵەت دان بە کارگە نیشتیمانییە حکومییەکانی ژێر پۆلینی C (سامەڕا و ئاکای) تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 بۆ بەرزکردنەوەی ئاستیان و پێشخستنیان و گەیشتن بە پۆلێنێکی بەرزتر.
- دەسەڵات درا بە کۆمپانیای نەهرەین وەک یەکێک لە پێکهاتەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ چاپ و بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی پەروەردە، بۆ کڕینی کەرەستەی سەرەتایی پێویست بۆ چاپکردن بە بڕێک کە لە 500ملیۆن دینار بۆ هەر دۆخێکی کڕین تێپەڕ نەکات.