ئەعرەجی: عێراق مانگی داهاتوو کۆنگرەیەک لە جنێڤ دەکات بۆ گێڕانەوەی عێراقییەکان لە کەمپی هۆل
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پێشوازی لە بەرپرسی کاتیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، حکومەتی عێراق مانگی ئەیلوولی داهاتوو کۆنفرانسێک لە جنێڤ رێکدەخات، بەمەبەستی گەڕانەوەی خێزانەکان لە کامپەکەوە بۆ وڵاتەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، قاسم ئەعرەجی لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا لەگەڵ ستیڤن ڤاگن کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و گرنگیی پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا، بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باسی دوایین پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرا و "هەردوولا جەختیان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری لە سووریا کردەوە."
قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە دیپلۆماسیەت باشترین رێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات لە رێگەی دانوستاندن و گفتوگۆوە.
ستیڤن ڤاگن، ستایشی رۆڵی کارای حکومەتی عێراقی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا.
سەبارەت بە دۆسیەی کەمپی هۆلی سووریا، ئەعرەجی رایگەیاند، حکومەتی عێراق مانگی ئەیلوولی داهاتوو کۆنفرانسێک لە جنێڤ رێکدەخات، بەمەبەستی گەڕانەوەی خێزانەکان لە کامپەکەوە بۆ وڵاتەکانیان.
هەردوولا جەختیان لە کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی واژۆکراوی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان لە عێراق کردەوە.
هەروەها هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی "عەزمی پۆڵایین" (العزم الصلب) ئەرکەکەی بەپێی ئەو خشتە کاتییەی لەنێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا رێککەوتنی لەسەر کراوە، کۆتایی دێت.